رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ لە پیرمام 20 ملیم باران باریوە، هەڵشۆ و کەلار 0.2 ملیم بووە. کەشناسێکیش دەڵێت: "ئەمڕۆ کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دەوروبەری هەولێر زۆرترین باران باریوە کە 18.7 ملیمە، لە سلێمانی 3.2 ملیم و دهۆک 12.3 ملیم باران باریوە.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی گشتی ئاسمان هەور دەبێت، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئەگەری بارانبارین هەیە.
لەبارەی پلەی گەرمای پێشبینیکراو، عامر جابری گوتی، ئەمڕۆ پلەی گەرما لە دهۆک 16، هەولێر 18، سلێمانی 16، کەرکووک و نەینەوا 20 پلە، بەغدا 24 پلە، پارێزگاکانی باشوور بەرزترین پلە 28 لە زیقار و بەسرە، پارێزگاکانی نێوەڕاست 22 بۆ 24 پلە دەبێت.
ئەمشەو لە شارەکانی باشووری عێراق پلەی گەرما کەمێک دادەبەزێت. گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، بای باکووری رۆژئاوای مامناوەند خێراییەکەی 20-30 کیلۆمەتر دەبێت لە زۆربەی شارەکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان کە بایەکەی لەسەرخۆ دەبێت و بۆ شەو خێراییەکەی زیاد دەبێت.
عامر جابری باسی لەوەش کرد، مەودای بینین لە هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی عێراق 8-10 کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام بەهۆی تەمەوە بەیانییەکەی 2-4 کم دەبێت.
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شەپۆلی بارانبارینەکە تاوەکو درەنگی شەوی رابردوو بەردەوام بوو، بەڵام دوێنێ شەو پلەی گەرما 8 بۆ 10 پلە لە چیای گۆیژە، ئەزمەڕ، پیرەمەگروون، مێرگەپان، قەرەداخ، کانی ماسێ، باڵەکایەتی و بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکان دابەزی و بەفر باری."
بە گوتەی محەممەد کەمال، دوێنێ شەو لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما گەیشتووەتە سفر و ژێر سفر.
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ، ئەو کەشناسە دەڵێت، لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمەباران هەیە، بەڵام ناوشار ناگرێتەوە، بەگشتی ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و هەور دەبێت و پلەی گەرما چوار پلە بەرزدەبێتەوە.
دوێنێ شەو کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڕی بارانبارینی 12 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە: لە دەوربەری هەولێر زۆرترین و کەلار و هەڵشۆ کەمترین باران باریوە.
هەولێر: 18.7 ملم
سلێمانی: 3.2 ملم
دهۆک: 12.3 ملم
کەرکووک: 9.4 ملم
زاخۆ: 7.6 ملم
سۆران: 17.2 ملم
چەمچەماڵ: 15.3 ملم
پیرمام: 20.0 ملم
ئاکرێ: 11.6 ملم
پێنجوێن: 13.8 ملم
باتوفا: 0.4 ملم
مێرگەسۆر: 7.4 ملم
سیدەکان: 13.2 ملم
بامەڕنێ: 11.8 ملم
بارزان: 13.4 ملم
دەربەندیخان: 4.6 ملم
بازیان: 4.2 ملم
حاجی ئۆمەران: 5.2 ملم
هەڵشۆ: 0.2 ملم
کەلار: 0.2 ملم
دووزخورماتوو: 0.6 ملم
خەبات: 15.2 ملم
شەمامک: 19.0 ملم
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ