زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر دووجا سەوزایی لە شاری سلێمانی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 600 باخچە، پارک و بلوار لە شاری سلێمانی هەن، کە زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر دووجا سەوزایی لەخۆدەگرن. ساڵی رابردووش 29 بلوار و باخچە دروستکراون و نۆژەن کراونەتەوە.
 
عەلی حامید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی نیسان بە رادیۆی رووداوی گوت، لەنێو شاری سلێمانیدا نزیکەی 600 باخچە، پارک و بلوار هەن، کە زیاتر لە سێ ملیۆن و 290 هەزار مەتر دووجا سەوزایی لەخۆدەگرن.
 
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی، حەوت دانە لەوان پارکی گەورەن، 83یان بلوارن و 506 دانەکەی دیکەش باخچەن و پێکەوە سێ ملیۆن و 294 هەزار و 593 مەتر دووجا سەوزایی لەخۆدەگرن.
 
نزیکەی 60%ی ئەو دارانەی لەو شوێنانەدا هەن لەو جۆرەن کە بەردەوام سەوزن و لەگەڵ ژینگەی ناوچەکە دەگونجێن، ئەمەش وەکو عەلی حامید ئاماژەی پێدا.
 
ساڵی رابردوو 29 بلوار و باخچە دروستکراون و نۆژەن کراونەتەوە؛ گوتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی دەڵێت، ئێستاش نزیکەی 10 پڕۆژەی باخچە و بلوار لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێن.
 
لەبارەی نۆژەنکردنەوەی پارکی ئازادیی شاری سلێمانییەوە، عەلی حامید ئەوەی خستەڕوو، "نزیکەی ساڵ و نیوێکە سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی پارکەکەین" و خەڵکی خۆبەخش و وەبەرهێنەران لە نۆژەنکردنەوەی پارکەکەدا هاوکارن.