رووداو دیجیتاڵ
لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشکردنە سەر پارێزەرەکەی هەولێر، سەندیکای پارێزەران گردبوونەوە. پارێزەران دەڵێن، لێدانی پارێزەرەکە دەستدرێژییە بۆ سەرجەم پارێزەران و بە تووندی سەرکۆنەی دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-04-2023، سەندیکای پارێزەران لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی ناڕەزاییان بەرامبەر هێرشکردنە سەر محەممەد یابە سۆفی، پارێزەری راوێژکاری دانیشتووی هەولێر دەربڕی کە رۆژی هەینی لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشیکرایەسەر.
شەوی هەینی ئەو پارێزەرە لە هەولێر ''لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندرا و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، ئازادکرا.''
بەگوتەی یونس یابە، برای پارێزەرەکە، جگە لە ئەشکەنجە و ئازار، سەریشی تاشراوە و دەشڵێت، "بەداخەوە سەرتاشینیش خەریکە دەبێتە نەریتێک بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵک".
لقەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان سەرەڕای گردبوونەوە ناڕەزاییەکەی ئەمڕۆ، لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، ئەوەی کراوە ''دەستدرێژییە بۆسەر دادگە، ئەنجوومەنی دادوەری، داواکاری گشتی و سەرجەم پارێزەران، تەنانەت دەستدرێژییە بۆ حکومەت، پەرلەمان و سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت.''
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ لە تۆمەتبارانی هێرشەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.
محەممەد سۆفی خۆی لەبارەی هێرشەکەوە بە رووداوی گوت، "بە فێڵ منیان بردە ژێرزەمینی ماڵێک. یەک کەس منی برد، کەچی لە خوارەوە سێ کەس خۆیان حەشار دابوو. لێیان دام، بە هەر چواریان سەریان تاشیم، ڤیدیۆیان گرتم، ئەوەی داعش نایکات، ئەوان کردیان. لێیان پاڕامەوە و گوتم: بمکوژن لەو عەزابەی رزگارم بکەن. دواتریش گوتیان، ئەگەر سکاڵا بکەیت، خێزان و کچەکەت دەهێنین و لەپێش چاوت ئەوها و ئەوهایان لێدەکەین''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ