بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری: ئەو قوتابییەی لە کانی قرژاڵە خۆی کوشت لە یەک وانە دەرنەچووە
رووداو دیجیتاڵ
قوتابییەکی کچ لە کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە لە هەولێر گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری دەڵێت، کچەکە بە دەمانچەی باوکی خۆی کوشتووە و کوشتنەکەش پەیوەندی بە بەشدارینەکردنی لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9 نەبووە.
پەیڤین نزار حیکمەت، کچە قوتابیی پۆلی 9ـی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەی کانی قرژاڵەی سەر بە ناحیەی رزگاری لە پارێزگای هەولێر، دوێنێ بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەیەکەوە گیانی لەدەستدا. هەواڵەکە بەشێوەیەک بڵاوبووەوە کە دەگوترێت بەهۆی کەوتنی لە سێ وانەدا خۆی کوشتووە.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی نیسانی 2023، رابەر ساڵح شێرۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کچە لە یەک وانەدا کەوتبوو و کێشەی بەشدارینەکردنی لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ نەبووە".
رابەر ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد کە هۆکاری رووداوەکە روون نەبووەتەوە و گوتی: "بەهۆی پرسەی قوتابییەکەوە تاوەکو ئێستا گوتەی دایک و باوکی وەرنەگیراوە؛ ئەو کچە بە دەمانچەی باوکی خۆی کوشتووە. باوکی پۆلیسە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان".
پەیڤین خەڵکی ئاکرێیە، بەڵام نیشتەجێی کانی قرژاڵەن. پەیڤین تەنیا لە یەک وانەی تاقیکردنەوەکاندا دەرنەچووبوو، ئەویش وانەی بیرکاری بوو و 40ـی هێنابوو.
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.