دۆسیەیەکی دیکە بۆ یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە پێنج حوکمدراوەکەی بادینان، کە مانگی رابردوو سێیان ئازاد کران، دۆسیەیەکی دیکەی بۆ کراوەتەوە و براوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دەشتی هەولێر. پارێزەرەکەی دەڵێت، ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبکەنەوە سزاکەی سێ مانگ بۆ پێنج ساڵ زیندانییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی نیسانی 2023، شێروان شێروانی، یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان بە تۆمەتی "هەڕەشەکردن لە ئەفسەرێکی زێرەڤانی" برایە بەردەم دادوەر. بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەرانی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە تۆمەتی ئەوەی لە 23ـی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، گوایە شێروان شێروانی هەڕەشەی لە ئەفسەرێکی زێرەڤانی لەنێو چاکسازیی گەورانی هەولێر کردووە، پەڕاوێکی دیکەی لیکۆڵینەوەیان لە بنکەی پۆلیسی کەسنەزان بەگوێرەی مادەی 229 بۆ کردووەتەوە".
بەشدار حەسەن دەڵێت، ئەو وەکو پارێزەری تۆمەتبار ئاگاداری دۆسیەکە نەبووە و شێروانیش کە چووەتە بەردەم دادوەر گوتوویەتی تاوەکو پارێزەرەکەی ئامادە نەبێت هیچ قسەیەک لەسەر تۆمەتەکە ناکات، لە بەرامبەردا دادوەر گوتوویەتی "مافی خۆیەتی" و دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی دیکە دواخستووە.
بەگوتەی ئەو پارێزەرە، ئەگەر تۆمەتەکە بەسەر شێروان شێروانیدا ساخببێتەوە، ئەگەری سزادانی بە سێ مانگ تاوەکو پێنج ساڵ بەندکردن هەیە.
دادگەی تاوانی هەولێر، رۆژی 16-2-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دا.
مانگی شوباتی 2022 حوکمدراوانی بادینان بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لەسەر کەمکرایەوە، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو.
بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، 16ـی ئاداری ئەمساڵ، هەریەک لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران، گوهدار محەممەدئەمینیش بە تۆمەتی "گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی" 7 مانگی دیکە سزادرا.
بەگوێرەی فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت، ئەگەر تۆمەتی دیکەی بەسەردا ساخنەبێتەوە، دەبێت مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ شێروان شێروانیش ئازاد بکرێت.