بە ڤیدیۆ: درۆنێک لە سنووری دووکان کەوتە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
درۆنێک لە گوندی سۆفیان لە قەزای دووکانی سنووری سلێمانی کەوتە خوارەوە و ئاگرێکی گەورەی لێ بەرزبووەوە؛ زیانی بە ماڵی هاونیشتمانییەک گەیاندووە.
محەممەد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد لە سنووری دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 7:30ـی شەوی یەکشەممە درۆنێک لە نزیک ماڵی هاونیشتمانییەک لە گوندی سۆفیان سەر بە ناحیەی بنگرد لە قەزای دووکان کەوتەخوارەوە."
محەممەد عەبدولڕەحمان دەشڵێت، درۆنەکە "بەر دیواری ستارەی ماڵەکە کەوتووە و بەهۆیەوە کارەبای ئەو ماڵە پچڕاوە، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی نەبووە." دەشڵێت، هێزەئەمنیەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتایەکان دەرکەوتە درۆنەکە تورکییە.
تائێستا نازانرێت ئایا درۆنەکە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە یان خراوەتە خوارەوە.