بۆ نەورۆز زیاتر لە هەزار میوانخانە و رێستۆرانت بە رووی گەشتیاراندا کراوە دەبن

رووداو دیجیتاڵ
 
لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک هەزار و 140 رێستۆرانت و میوانخانە هەن. بەرپرسانی ئەو شوێنە گەشتیارییانە دەڵێن، ئامادەکاری تەواویان بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی نەورۆز کردووە.
 
بۆ جەژنی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی جیاواز بەڕێوەدەچن و ساڵانە لەم بۆنەیەدا هەزاران گەشتیار دێنە هەرێمی کوردستان. بەرپرسانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانەخانەکان دەڵێن، بەهۆی مانگی رەمەزان و نەبوونی پشووی نەورۆزەوە لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، چاویان لە هاتنی گەشتیاری زۆر نییە.
 
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک بۆ ئامادەکاریی پێشوازی لە گەشتیارانی نەورۆز دەکەین و لە رۆژانی پشوودا هۆتێل و میوانخانەکان بە رووی گەشتیاراندا کراوە دەبن".
 
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن.
 
شوکر عەزیز گوتیشی: "ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیاری زۆر دەکەین، بەڵام بەهۆی مانگی رەمەزان و نزیکبوونەوە لە تاقیکردنەوەکان، پێناچێت گەشتیاری زۆر بێنە هەرێمی کوردستان".
 
میوانخانەکانی سلێمانی: ئاگری نەورۆز دەکەینەوە و فێستیڤاڵ بەڕێوە دەبەین
 
مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکاری باش کراوە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران؛ لە سلێمانی لە رێوەڕەسمی فراواندا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و فێستیڤاڵی تایبەتیش بەڕێوەدەبرێت".
 
لە سلێمانی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میلـلی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن. 
 
مەحموود تۆفیق گوتی: "بەشێکی هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان پێشوەختە گیراون بۆ گرووپە گەشتیارییەکان و چاوەڕوانین لە نەورۆزدا بێنە شاری سلێمانی".
 
میوانەخانەکانی دهۆک: هیچ گرووپێکی گەشتیاری داوای شوێنی نەکردووە
 
شێخ ئیحسان عیسا، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی نەبوونی پشوو لە عێراق و مانگی رەمەزان، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ گرووپێکی گەشتیاری داوای نەکردووە شوێنی بۆ بگیرێت".
 
لە سنووری دهۆک 210 هۆتێل، مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن. 
 
ئیحسان عیسا دەڵێت، "میوانخانە و رێستۆرانتەکان کراوە دەبن بۆ گەشتیاران. ئەگەر بەهۆی رەمەزانەوە چەند شوێنێک داخرابن، بۆ ئامادەکاری نەورۆز و جەژن هەموویان کراوە دەبن".