گومان لە مردنی گیراوێکی کورد لە زیندانی ورمێ دەکرێت؛ "لەژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەستداوە"
رووداو دیجیتاڵ
گیانلەدەستدانی گیراوی کورد، شێرزاد ئەحمەدی نەژاد لە زیندانی ورمێ، ناڕەزایەتی فراوانی دانیشتووانی بۆکانی لێکەوتەوە. رێکخراوێکی مافی مرۆڤ دەڵێت: "لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە".
شێرزاد ئەحمەدی نەژاد، خەڵکی شاری بۆکان بوو، مانگێک لەمەوبەر دەستبەسەر کرابوو، بەڵام تۆمەتی دەستگیرکردنەکەی تائێستا روون نییە.
بەپێی هەواڵی چالاکڤانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، شێرزاد ئەحمەدی نەژادی تەمەن 41 ساڵ، رۆژی 15-03-2023 لە زیندانی رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران "لە ژێر ئەشکەنجەدا" گیانی لەدەستداوە.
بەهۆی گیانلەدەستدانی شێرزاد ئەحمەدی نەژاد، خەڵکێکی زۆر لە دانیشتووانی شاری بۆکان شەوی 15-03-2023 هاتنە سەر شەقامەکان و دژی دەسەڵاتی ئێران درووشمیان دا و، درووشمی وەکو "شەهید نامرێت"ـیان گوتەوە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە زاری کەسێکی نزیک لە خێزانی ئەحمەدی نەژادەوە بڵاوی کردووەتەوە "لە رێگەی سەرچاوەی جێگای متمانەوە ئاگادارکراونەتەوە شێرزاد ئەحمەدی نەژاد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە".
شێرزاد ئەحمەدی نەژاد لەگەڵ هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی خالد محەممەدنەژاد رۆژی 15-02-2023 لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی راپۆرتی هەنگاو، شێرزاد ئەحمەدی نەژاد، دوای 19 رۆژ لە دەستبەسەرکردنی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کەسوکارەکەی کردووە و پێیڕاگەیاندوون لە زیندانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمێ راگیراوە.