تۆمەتی ناوزڕاندن دەدرێتە پاڵ یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی حوکمدراوانی بادینان دەڵێت، ئەیاز کەرەم، گیراوێکی بادینان کە ئەمڕۆ ئازادکرا، لەلایەن پۆلیسەوە تۆمەتی ناوزڕاندنی دراوەتە پاڵ.
سێ لە گیراوانی بادینان کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێن و پێکهاتبوون لە: ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید، ئازادکران.
بەشدار حەسەن، پارێزەرێکی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ ئەیاز کەرەم، ئەوەیە؛ جەژنی قوربانی پار لەنێو زیندانەوە تۆمارێکی دەنگی بۆ رای گشتی بڵاوکردووەتەوە و تێدا رەخنەی لە ئاسایش گرتووە و دەڵێن بەو تۆمارە، ناوی ئاسایشی زڕاندووە و، لەوبارەشەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
کامەران سارمەمی پارێزەرێکی دیکەی حوکمدراوان کە ئەمڕۆ لەگەڵ حوکمدراوانی بادینان بوو لەکاتی ئازادکردنیان، بە رووداوی گوت "بەڵێ ئەیاز کەرەم لەلایەن پۆلیسەوە تۆمەتێکی دراوەتە پاڵ، بەڵام کە سەردانی ئاسایشی هەولێرمان کرد، بە ئێمەیان گوت هیچ دۆسیەیەکی لای ئێمە نییە و کاژێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ ئازادیان دەکەین، قسەکەشیان دروستبوو و ئەوکاتە ئازادکران".
بەشدار حەسەن هەروەها گوتی "دەبێت ئەیاز کەرەم دوای ئەوەی پشوویەکی وەرگرت، دووبارە ببەینەوە پۆلیسی کەسنەزان بۆ وەرگرتنی گوتەکانی لەبارەی ئەو تۆمارە دەنگییەی بۆ رای گشتی بڵاویکردووەتەوە، بەڵام ئەوە ئاسانە مادەم ئاسایش ئازادیان کردوون، دەتوانین لە بنکەی کەسنەزانیش هەر بڕیارێک درا، بە کەفالەت ئازادی بکەینەوە".
بڕیار بوو لەگەڵ ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 16-3-2023 ) گوهدار زێباریش ئازاد بکرێت، بەڵام گوهدار دوێنێ لەلایەن دادگای تاوانی هەولێر بە حەوت مانگی دیکە زیندانیکردن سزادرا.
کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی وردەکاریی سزادانەکەی:
دادگای تاوانی هەولێر، رۆژی 16-2-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دا.
مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان کەمکرایەوە، جگە لە شێروان شێروانی کە سزاکەی 50% کەمکرایەوە.
بەشدار حەسەن گوتیشی: "سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەگەر ئەو بڕیاری سوککردنی حوکمەکەی دەرنەکردبا، دەبوو هەر سێ گیراوەکە سێ ساڵی دیکە ئازادبکرێن".