لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، پێشەوا هەورامانی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان کشایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

پێشەوا هەورامانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پارێزگای هەڵەبجە کشایەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوو خولەک کاتی پێدراوە بۆ قسەکردن لەبارەی کێشەکانی هەڵەبجە. 
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان حەوت وەزیر ئامادەن، پێشەوا هەورامانی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتمەندە و دەبوو سەرۆکی پەرلەمان بهێڵێت کێشەکانی هەڵەبجە بگەیێنینە وەزیرەکان، بەڵام 20٪ـی قسەکانیشمان نەکرد."
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد، وەکو نووسینگەی هەڵەبجەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاریی باشیان کردبوو بۆ ئەوەی کێشەکان بگەیێننە لایەنی پەیوەندیدار. گوتی "خەڵکی هەڵەبجە شیعر و قسەی باق و بریقی ناوێت، ئەوەی دەوێت ئێمە لێرە کار بکەین."
 
پێشەوا هەورامانی خۆی وەکو "پەرلەمانتارێکی تایبەتمەند" بە کێشەکانی هەڵەبجە ناساند و گوتی، لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی شارەکەیە. ئاماژەی بەوە کرد، "جار هەیە لەنێو پەرلەمانی کوردستان پێنج کاژێر رێگە بە شەڕە قسە و هەستانەوە و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان دەدرێت، بەڵام بە پەرلەمانتاران دەڵێن، قسەکانتان بە کورتی ببڕێننەوە."
 
هۆکاری کشانەوە لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە بە گوتەی خۆی ئەوەیە کە "پێم وایە کێشە و گرفتەکانی هەڵەبجە بە دوو خولەک ناگەیێندرێن.. ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆ لەوێ بوو ویستمان پێی بڵێین، با کێشەی ئەنجوومەنی پارێزگا نەکرێتە قوربانیی ململانێی سیاسی."
 
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی هەڵەبجە، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، نەبوونی هەلی کارە، گوتی "دەمانویست بە دەستەی وەبەرهێنان بڵێین، نابێت وەبەرهێنانی هەڵەبجە لە شارێکی دیکەبێت، بەڵکو دەبێت لە شارەکەدا بێت، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان لە هەڵەبجەوە باج بدەن."
 
ئەو پێشنیازانەی ئەو پەرلەمانتارە خستبوونییەڕوو، بە گوتەی خۆی، 70٪ـیان پەیوەندییان بە پارەوە نییە و بە چەند هەنگاوێک جێبەجێدەکرێن. 
 
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان باسی خستنەڕووی كێشە و گرفتەكانی پارێزگای هەڵەبجە بەمەبەستی چارەسەركردنیان دەکات "بەئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (66) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان."