لەگەڵ رەنج تاوتوێی کێشەی بریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد

رووداو-هەولێر

بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو تاوتوێی کێشە و دەردەسەرییەکانی هەڵەبجەییەکانی کرد ، کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت ، هیچ دەرمانێک بۆ برینداران تەرخان نەکراوە و بەشێکی برینداران لەسەر ئەرکی خۆیان دەرمان دەکڕن. هاوکات پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، چارەسەری برینداران تەنیا لە نەخۆشخانەی کیمیابارانی هەڵەبجە دەبێت.


ئەحمەد مام رەسوول نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفاڵکراوان، گوتی ، ئەو بەرپرسی گواستنەوەی دۆسیەی چارەسەری قوربانیان بووە بۆ وەزارەتی تەندروستی، بەڵام کارەکە هێندە ئاسان نییە وزوو تەواوبێت.

هەروەها هاونیشتمانییەکیش دەڵێت، هەرچەندە 30 ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە تێدەپەڕێت، بەڵام ئەو تاوەکو ئێستا لەسەر گیرفانی خۆی دەرمان دەکڕێت و وەکو بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایی هەژمار نەکراوە.

عەلی عوسان ، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت ، دەڵێت: تاکە چارەسەری قوربانیانی کیمیاباران ئەوەیە کەیسەکانیان لەنەخۆشخانەی کیمیابارانی هەڵەبجە چارەسەر بکرێت.

لە 16ی ئاداری 1988 هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عیراق کیمیابارانکرا و، جگە لە شەهیدبوونی 5 هەزار کەس و بریندرابوونی زیاتر لە 10 هەزار کەس، بە هەزاران کەسی دیکەش ئاوارەبوون، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر رووداوەکە، هێشتا قوربانیانی کیمیابارانەکە پێویستییان بە چارەسەرییە.