تیروپشک بۆ حاجیانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام دەدرێت

رووداو - هەولێر 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی وەزارەتی ئەوقاف رایدەگەیێنێت، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 19-3-2017، تیروپشك بۆ حاجییانی سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.


رۆژی پێنجشەممە 16-3-2017، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومرەی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئاگاداری هاونیشتمانیانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ناوی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج تۆماركردووه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 19-3-2017، کاژێر 9:30 خولەکی سه‌رله‌به‌یانی تیروپشك بۆ حاجییانی سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم بۆ ساڵانی 2017، 2018 و 2019 ئه‌نجام ده‌درێت".

لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکەدا کە وێنەیەکی بۆ رووداو نێردراوە هاتووە "ئاگاداری هاونیشتمانیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمی وه‌زاره‌ت (mera-krg.org)، ناوه‌كان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌".

ئەمساڵ 86 هەزار و 418 كەس ناوی خۆیان لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە، سەرجەم ناوەكانیش لە سیستەمی كۆمپیوتەر  تۆماركراون.