کتێبەکەی رێبوار تاڵەبانی: کورد بەشێک بووە لە هۆکاری جێبەجێنەکردنی مادەی 140
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک کتێبی "کەرکووک لەنێوان یار و نەیارد" بڵاودەکاتەوە، لەو کتێبەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کورد بەشێک بووە لە هۆکاری جێبەجێنەکردنی مادەی 140 و نوێنەرانی کورد لە هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان یان ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پرسەیان نەجووڵاندووە.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژی هیوا جەمال، باسی نێوەڕۆکی کتێبەکەی کرد. ئەو دەڵێت، کەرکووک رووداوی گەرمی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام نێوەڕۆکی کتێبەکە ئەوەیە کە "خۆم بەشێک بوومە تێیاندا و شایەتحاڵ بووم".
لە کتێبەکەیدا، رێبوار تاڵەبانی، خودی کورد بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی مادەی 140 دەزانێت. ئەو باسی کۆبوونەوەیەکی لیستی برایەتیی کەرکووک دەکات و روونیدەکاتەوە، لەو کۆبوونەوەیە بۆی دەرکەوتووە، بەهۆکاری حیزبی پارتی و یەکێتی کاریان بۆ جێبەجێکردنی مادەکە نەکردووە.
گوتی: "کۆبوونەوەیەکی نهێنی کرا لەلایەن لیستی برایەتی و هەموو قۆناخێک داڕێژرایەوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140، لە کۆتاییدا هاتین کێشەکە چارەسەر بکەین، بەپێی مادەکە، دەبووایە چەمچەماڵ، کفری، کەلار و خورماتوو بگەڕێنەوە سەر کەرکووک، تەنیا لەسەر قۆناخی قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان رێکنەکەوتن، پێمگوتن بۆچی باسی ئەو ناوچانە ناکەن کە لە کەرکووک دابڕاون، گوتیان ئەگەر ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر کەرکووک، کەرکووکیش نەگەڕێتەوە سەر کوردستان، ئەو ناوچانەشمان لەدەست دەردەچێت، ئەوە بیانوویان بوو، بۆیە قەت باسی ئەو ناوچانەیان نەکردووە، هەستم کرد لە نێوان خۆیان ناکۆکیی هەژموون بوو، کێشەکە زیاتر حیزبی بوو."
لەبارەی رێککەوتنەکانی عێراق، بۆ فرۆشتنی نەوتی کەرکووک و ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، رێبوار تاڵەبانی پێیوایە، حکومەتی عێراق هەر کارێک لە کەرکووک بکات بە تاکلایەنە، دەتوانرێت سکاڵای لێ بکات، نەک لە نەوت، لە هەموو بوارەکان، بۆ نموونە وەزارەتی تەندروستیی عێراق 10 فەرمانبەر لە کەرکووک دابمەزرێنێت، دەبێت 5 یان حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەند بێت لەسەری، "چونکە چۆن کەرکووک بەشێکە لە عێراق، بەشێکە لە هەرێمی کوردستانیش، بەڵام خۆشمان کەمتەرخەمین و نەهاتووینەتە دەنگ لەو کێشانە".
رێبوار تاڵەبانی پێیوایە بەهۆی جێبەجێنەکردنی ماستەرپلانی کەرکووک، گەڕەکە کوردییەکان ئێستا لە کێشەدان، روونیکردەوە، کاتێک کە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک بووە، پێنج ساڵ سەرقاڵی ئامادەکردنی ماستەرپلانەکە بوون، "بەڵام بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسێک کە کورد بوو، جێبەجێ نەکرا."
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک ئەوەشی گوت، "پێنج گەڕەکی نوێی کوردی دوای 2003 هەبوون، ئەگەر ئەو ماستەرپلانە جێبەجێ بکرایە هەموو خزمەتگوزارییەکیان پێدەگەیشت، برادەرێک لەنێو ئەنجوومەن کە کوردیش بوو، چونکە خۆی لەنێو پڕۆژەکەدا نەبوو، لۆبی بۆ کرد و نەیهێشت بگاتە ئامانج".