لە هەرێمی کوردستان ڤەیپ قەدەخەیە و لە بازاڕەکانیشدا دەفرۆشرێت

رووداو دیجیتاڵ 

وێڕای بڕیاری فەرمی بۆ قەدەخەکردنی فرۆشتنی ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان، هاوردەکردن و فرۆشتنی بەردەوامە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەڵێن، لە هەر دووکانێک بیبینن دەستی بەسەردا دەگرن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک ڤەیپ دەفرۆشرێت، بەڵام لە بەشێکی هەولێر و دهۆک بە نهێنی دەفرۆشرێت.
 
فرۆشیارێکی فرۆشتنی پەیڤ لە هەولێر رۆژی پێنجشەممە 16-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوردەکردنی ڤەیپ ئاساییە، بۆیە ئێمەش بەدەستمان دەگات و دەیفرۆشین".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سلێمانی ڤەیپ بە ئاشکرا لە دووکانەکاندا دەفرۆشرێت. هاوکات لە دهۆکیش زۆرینەی دووکانەکانی فرۆشتنی پێداویستییەکانی نێرگەلە، ڤەیپ دەفرۆشرێت.
 
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی هەولێر رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فرۆشتنی ڤەیپ لە دووکانەکان بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتەکانی بازرگانی و تەندروستی قەدەخەیە و لە هەر دووکانێک ببینرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای کارگێڕیی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەر دووکانێکدا ڤەیپ هەبێ بۆ فرۆشتن، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت دەستی بەسەردا دەگرن و لێپێچینەوەی یاساییش لە خاوەنی دووکانەکە دەکرێت".
 
بەرپرسێکی باڵا لە سلێمانی بە رووداوی گوت، بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپیان پێگەیشتووە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
 
هەر ئەمڕۆ گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت سکاڵای خەڵکمان پێ گەیشتووە کە لە مارکێتەکان ڤەیپ بە منداڵی خوار 18 ساڵ فرۆشراوە، دەستبەجێ لێپێچینەوەمان کردووە و شوێنەکەشمان داخستووە".
 
دکتۆر کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ڤەیپەوە 02ـی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر بە یاسا قەدەخەیە. ئێستا راستە بە یاسا جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان رێگەیان پێدراوە، هاوردە دەکرێن و دروستدەکرێن و بەکاردەهێندرێن، بەڵام بە رێکاری خۆی. بەڵام ڤەیپ شتێکە، کارەساتە، دوو شێوەیشی هەیە، یەکێکیان بە سائیلە (شل)ـە و یەکێکیان دووکەڵە، ئەمە کارەساتە".
 
لە پێشهاتێکی نوێدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە پێنجوێن داوا دەکرێت، لایەنی کارگێڕی سنوورەکە فرۆشتنی ڤەیپ قەدەخە بکات. 
 
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن بە رووداوی گوت: "لە چوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەت، لیژنەکانی قایمقامیەتی پێنجوێن چەند مانگێکە دەستیان بە هەڵمەتێک بۆ قەدەخەکردنی ڤەیپ کردووە." گوتیشی، "ئێستا گەنجان بەدەست ڤەیپەوە دەناڵێنن، گیرۆدەی بوون و ناتوانن لێی دووربکەونەوە، بۆیە ئەو رێنماییانە دەرفەتی ئەوەی پێداوین کە رێگریی لە بڵاوبوونەوەی بکەین."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی دانیشتووانی شارەکە بە تایبەت گەنجان و فرۆشیاران، قایمقامی پێنجوێن ئاماژەی بەوەکرد: "فرۆشیارەکان هاوکارمانن کاتێک ئاگادارمان کردنەوە، تاڕادەیەکی باش بەدەم رێنماییەکانەوە هاتن، ئێستا ئەو کاڵایە بە ئاسانی لەنێو شارەکەمان دەستناکەوێت، ئەوانەشی مامەڵەی پێوەدەکەن، رووبەڕووی دادگە و یاسایان دەکەینەوە."
 
دوای زنجیرەیەک بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو لە مانگی 12ـی ساڵی 2023ـدا، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی، داواکاری گشتی بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپی دەرکردووە و لە ساڵی نوێوە (2024) فرۆشتنی قەدەخە دەکرێت؛ بۆ ئەوەش سەرجەم شوێنەکانی فرۆشتنی ڤەیپ ئاگادارکراونەتەوە تاوەکو ساڵی نوێ هەموو ڤەیپەکان لەنێوببەن".
 
سەرەتای ئەم ساڵ رووداو بۆ چوارەم ساڵ کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆی راگەیاند، کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەسەر ڤەیپ، جگەرە و نێرگەلەکێشان.