تەرمی منداڵەکەی پێشڕەو دزەیی دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای چوار کاژێر لە بۆردوومانکردنی ماڵەکەی، تەرمی منداڵەکەی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری شاری هەولێر لە ژێر داروپەردووی خانووەکەیدا دۆزرایەوە.
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تەرمی ژینە کچە بچووکەی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری شاری هەولێر، کە 25ی ئەم مانگە تەمەنی دەبووە یەک ساڵ، لە ژێر دار و پەردووی خانووە رووخاوەکەی دۆزرایەوە.

 

 
کاژێر 11:30ی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
ئاژانسی تەنسیمی سەر بە سوپای پاسداران دەڵێت، بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانیان لە عێراق هەشت شوێن لە دەوروبەری کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کراونەتە ئامانج.
 
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فالکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی گیانیان لەدەستدا.
 
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و  رۆژ پێشڕەو، کە تەمەنی لە نێوان 25 بۆ 27 ساڵە و هەر لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون.