سکرتێرى حیزبى شیوعی عێراق بۆ رووداو: هێرشەکانى سەر هەرێمى کوردستان دژی رێککەوتنى ئەمنیى نێوان عێراق و ئێرانن

رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێرى حیزبى شیوعی عێراق دەڵێت، ئەو هێرشانەى کرانە سەر هەرێمى کوردستان پێشێلکردنى سەروەریى عێراقن و ئاماژە بەوەش دەکات کە هێرشەکان "دژی رێککەوتنى ئەمنى نێوان عێراق و ئێرانن."
 
16ـى کانوونى دووەمى 2024، رائید فەهمى، سکرتێرى حیزبى شیوعی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو هێرشانەى کرانە سەر هەرێمى کوردستان، پێشێلکردنى سەروەریى عێراقن. ئەگەر ئامانجێک هەبێت ئێران پێى وا بێت مەترسییە بۆ سەری، ئەوا پەیوەندى لەگەڵ حکومەتی عێراق باشە، ئیدی بۆچى پەنا دەباتە بەر ئامانجگرتنى راستەوخۆ. ئەمە وا دەکات کە دۆخەکە بەشێوەیەکى ناسرووشتى ئاڵۆز بێت."
 
شەوى رابردوو ئێران بە 10 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان،کە نیوەیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن و بەهۆیەوە پێشڕەو و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووەتە یەک ساڵ گیانیان لەدەستدا. هاوڕێیەکی ئەو سەرمایەدارەش بەناوی کەرەم میخائیل، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی لە عێراق، کارگوزارێکی بە رەگەز فلیپینی گیانیان لەدەستدا. 
 
رائید فەهمى گوتیشى، "یەکێک لەو پرسانەى حکومەتى عێراق وەک دەستکەوت باسی دەکات، فەراهەمکردنى ئاسایش و سەقامگیرییە، بەڵام هێرشکردنە سەر هەرێمى کوردستان لە دەرەوە یان لە لایەن گرووپى نێوخۆییەوە هەڕەشە لەو دەستکەوتە دەکات."
 
19ـى ئادارى 2023، عێراق و ئێران رێککەوتنێکى ئەمنییان واژۆ کرد.
 
سکرتێرى حیزبى شیوعی عێراق دەڵێت، "ئەو هێرشانە دژ بە رێککەوتنى ئەمنى نێوان عێراق و ئێرانن."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی کانوونى دووەم، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەراگەیێندراوێکدا "بە تووندی"سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێری کرد و بە "دووژمنکارانە" ناوى برد و دەڵێت، "لیژنەى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنراوە و لە ئەنجوومەنى ئاسایش سکاڵا تۆمار دەکات".