سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشکردنە سەر هەولێر: ناکرێ چیدیکە لەبەرانبەر ئەو ستەمە بێدەنگ بین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دەتوانن بمانکوژن، بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن."
سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-1-2024) لە پەیامەکەیدا دەڵێ "ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت، بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران."
ئەو خێزانەی سەرۆک بارزانی باسی دەکات، خێزانی پێشڕەو دزەییە، کە لەو 10 مووشەکەی شەوی رابردوو ئاراستەی هەولێر کران، نیوەیان بە ماڵەکەی ئەو کەوتن، لەکاتێکدا ئاهەنگی خێزانیان هەبوو بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا. بەهۆی بۆردوومانەکەوە پێشڕەو دزەیی خۆی و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووە بە ساڵێک، لەگەڵ بازرگانێکی عێراقیی هاوڕێی و خزمەتگوزارێکی بەڕەچەڵەک فیلیپینیی، کوژران.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوە "هەموو لایەک ئاگادارن، لە ساڵی 2020ـەوە هەتا ئێستا بە دەیان جار شاری هەولێر کەوتووەتە ژێر هێرشی ناڕەوای مووشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان."
سوپای پاسداران، بەرپرسیاریێتیی هێرشەکانی گرتووەتە ئەستۆ. شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێ راگەیێندراوی بڵاوکردەوە، دووانیان لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بوون و تێیدا زانیاریی ناکۆکی بڵاوکردووەتەوە، سەرەتا رایگەیاند "بنکە سیخوڕییەکان و شوێنی کۆبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییە دژبەرە ئێرانییەکان" کراونەتە ئامانج، بەڵام لە راگەیێندراوی کۆتاییدا کە ماوەیەکی کەم دواتر و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، دەڵێ "بنکە سەرەکییە سیخوڕییەکانی رژێمی زایۆنی (موساد)" [ئیسرائیل] کراونەتە ئامانج."
سەرۆک بارزانی نووسیویەتی "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لە پشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن."
هەروەها دەڵێ "ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران."
لە سۆشیاڵ میدیای رووداوەوە: