ئەمریکا دەڵێت، دژی هێرشە مووشەکییە بێباکەکانی ئێرانن بۆ سەر هەولێر

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات کە ئێران لە هەولێر ئەنجامیدان و سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکات. هەروەها دەڵێت، "دژی هێرشە موشەکییە بێباکەکانی ئێرانین، کە گورزن بۆسەر سەقامگیریی عێراق."
 
رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە کە ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، پشتیوانیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە هەوڵەکانیان بۆ هێنانەدی خواستی گەلی عێراق.
 
هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر بە 10 مووشەک بوو، کە نیوەیان بە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن، بەهۆیەوە پێشڕەو و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووەتە یەک ساڵ گیانیان لەدەستدا، جگە لەوان هاوڕێیەکی بەناوی کەرەم میخائیل، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی لە عێراق، گیانی لەدەستدا.
 
شەوی هێرشەکە، لەنێو ماڵی پێشڕەو دزەییدا بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا، ئاهەنگی خێزانی هەبووە، بۆیە مووشەکەکان جگە لە کوشتنی ئەو سێ کەسە، بوونە هۆی برینداربوونی 17 کەسی دیکە، کە لە ئەندامانی خێزان، بنەماڵە و پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێشڕەو دزەیی پێکدێن
 
چەند مووشەک ئاراستەی ماڵی پێشڕەو دزەیی کراون؟
 
سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لە گوندی مەلا ئۆمەر لەسەر رێگەی هەولێر شەقڵاوە، گوتی "لە مەلا ئۆمەر، ماڵی پێشڕەو دزەیی، یەکێک لە بازرگانە دیارەکانی شاری هەولێر، بە پێنج مووشەک کراوەتە ئامانج."
 
پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی گیانیان لەدەستدا.
 
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و رۆژ پێشڕەو، تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 27 ساڵە و هەر لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ماڵی پێشڕەو دزەیی، بەردەوام قەرەباڵخ بووە و پاسەوان و کارمەندی دیکەی لێ بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمشەو خاوەن ماڵەکە لەنێو باخەکەدا بووە، پێشبینی دەکرێت خەڵکی زۆر لەوێ بووبن.
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، دوێنێ ئێوارە ماڵی پێشڕەو دزەیی بەهۆی گەڕانەوەی کوڕ و کچەکانی کە لە ئەمریکا دەخوێنن، کۆبوونەوەیەکی خێزانییان هەبووە و کاژێر 11:22 خولەکی شەو ماڵەکەیان کرایە ئامانج.