مووشەکەکانی ئێران نەیانهێشت ژینە فوو لە مۆمی یەک ساڵەی تەمەنی بکات
رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی دووشەممە لەناکاو دەنگی مووشەک خۆشی و شادی لە کۆبوونەوەیەکی خێزانی لە باخێک لەسەر رێگەی پیرمام تۆراند. لەو باخەدا خێزانی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کۆببوونەوە کە هەموویان سڤیل بوون.
هەر زوو دوای ئەوەی دەنگی مووشەکبارانەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانی راچڵەکاند، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە"بنکەی تیرۆریستی" و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە.
ئەوەی تاوەکو ئێستا روون بووەتەوە، ئەو ماڵەی کراوەتە ئامانج ماڵی سەرمایەداری دیاری هەولێر پێشڕەو دزەییە کە بە پێنج مووشەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە خۆی و کچێکی گیانیان لەدەستدا و هاوژین و دوو منداڵی دیکەی بریندار بوون. شایەتحاڵێکی بۆردوومانەکە لە نزیک ماڵی پێشڕەو دزەیی بە رووداوی گوت، "مووشەک لە ماڵی کاک پێشڕەوی داوە، گوێمان لە قیژەی ژنەکانە.. ئەمە جینۆسایدە."
پێشڕەو دزەیی بازرگان و سەرمایەدارێکی دیاری هەرێمی کوردستانە، خاوەنی فاڵكۆن گرووپ و ئیمپایەر وۆڵدە. لە ساڵی 2015 و لەکاتی شەڕی داعشدا، یەکێک بوو لەو سەرمایەدارانەی بە بەخشینی یەک ملیۆن دۆلار هاوکاریی کەمپەینی رەنجی شەهیدانی کرد کە بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بوو بۆ خێزانی پێشمەرگە شەهیدەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش.
هەروەها لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بە دابینکردنی پێداویستیی تەندروستی و پێداویستیی نەخۆشخانەکان هاوکاریی تەندروستیی هەولێری کرد.
پێشڕەو دزەیی، ئەو سەرمایەدارەی هەولێر کە ماڵەکەی بە مووشەک کرایە ئامانج لە ساڵی 2015 بەمشێوەیە باسی هاوکاریکردنی بنەماڵەی شەهیدان دەکات لە کەمپەینی رەنجی شەهیدانی تۆڕی میدیایی رووداو. ئەمشەو خۆی بەهۆی بۆردوومانەوە شەهیدبوو.#أربيل pic.twitter.com/R9ueM6AFMM
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 15, 2024
مەشعان جبووری، سیاسەتمەدار و ئەندامانی پێنج خوولی پەرلەمانی عێراق دەڵێت لەبارەی پێشڕەو دزەیی لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر هەژماری خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: "لەبەردەم خوا و خەڵک شاهێدی دەدەم کۆچکردوو، سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی کە 20 ساڵ دەبێت دەیناسم پەیوەندیی بە سیاسەت و مۆسادەوە نییە و تەنیا لە بواری گەشەپێدانی خانووبەرە کار دەکات."
رووداو وێنەی منداڵە بریندارەکانی دیکەی پێشڕەو دزەیی لە دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە دەستکەوتووە و دەردەکەوێت بەشێکیان سەر و جەستەیان بریندار بوون.
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە هێرشە مووشەکییەکەدا بازرگانێکی کریستیانی عێراقی بە ناوی کەرەم میخائیل، خاوەنی کۆمپانیای سامسوون، کە هاوڕێی پێشڕەو دزەیی بووە و لەکاتی هێرشەکەدا لەگەڵیدا بووە، گیانی لەدەستداوە. هەریەک لە رەوان پێشڕەو دزەیی، رۆژ پێشڕەو دزەیی، هانا جووتیار هاوژینی پێشڕەو دەزیی، دوو خزمەتگواریی فلیپینی بەناوەکانی ئالین و مایک بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، رەوان پێشڕەو تەمەنی 7 ساڵان بووە، رۆژ تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 27 ساڵان بووە و لەگەڵ باوکیدا کاری بازرگانی کردووە. هەروەها هانا جووتیاری هاوژینی پێشڕەو دزەیی پیشەی پزیشکی ددان بووە. بەگوتەی کەسوکارەکەی، دۆخی تەندروستیی هاوژینەکەی باشە.
کەمتر لە ساڵێک
دیمەنێکی دڵهەژێن لە بۆردوومانەکەی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، گیانلەدەستدانی ژینە بوو، کە تەمەنی نەببووە ساڵێک، ئەو لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەیان جەستەی ناسک و منداڵانەی تێکەڵی خۆڵەمێش و پاشماوەی مووشەک و شیش و ئاسن بوو. دوای چەند کاژێرێک لە گەڕانی تیمەکان، تەرمەکەی لەژێر داروپەردوودا دۆزرایەوە.
ژینە 10 رۆژی دیکە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بوو و لە 25ـی کانوونی دووەم تەمەنی دەبووە یەک ساڵ.
بە وێنە؛ ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی دوای بۆردوومانەکە ببینە
ئەو شوێنانەی کرانە ئامانج
لەهێرشەکەدا وەکو لە سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیارییە بەدەستهاتووەکان دەستخراون، هەشت شوێن لە هەولێر و دەورووبەری ئامانج بوون، لەوانە "کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، دەزگا ئەمنییەکان، ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی، بنکەی هەریر و هەورازە نەفتە و چەند شوێنێکی دیکەش."
کاژێر 11:25 خولەکی شەوی دووشەممە یەکەم مووشەک تەقییەوە، هێرشەکان یەک ئامانجی دیاریکراویان نەبوو، مووشەکەکان لە رۆژهەڵاتی هەولێرەوە تاوەکو باکووری هەولێر لە چەند شوێنێک کەوتوونەتە خوارەوە. مووشەکەکان لە دەورووبەری رێگەی پیرمام و ناوچەی خانزاد نزیک گوندی بڕا کەوتوونەتە خوارەوە و لەسەر رێگەی پیرمامیش لەناو باخەکانیش دەنگی کەوتنەخوارەوەی مووشەک بیستراوە. هاوکات بەیانیی رۆژی سێشەممەش درۆن لە ئاسمانی بەحرکە تەقێندرایەوە.
کەسێک بە گومانی سیخوڕی دەستگیرکرا
دوای رووداوەکە لە گۆڕستانێکی نزیک ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی کەسێک دەستگیرکرا، لەکاتی دەستگیرکردنیدا بە خەڵکی گوتووە کە هەڵگری وڵاتینامەی ئێرانە.
دەستگیرکردنی ئەو کەسە لە گۆڕستانی گوندی شەوک لە نزیک مەلا ئۆمەر بوو کە نزیکە لە خانووەکەی پێشڕەو دزەیی. سەرەتا لەلایەن دانیشتووانی گوندەکەوە دەستگیرکراوە و پاشان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کراوە.
دانیشتووانی گوندەکە وەکو خۆیان باسی دەکەن، کاتێک قسەیان لەگەڵ ئەو کەسە کردووە کە "بەم 11:30 خولەکی شەوە چیی دەکەی لە گۆڕستان؟" ئەو کەسە کە بە کوردی قسەی کردووە باسی لەوەکردووە بۆ کار دەگەڕێت، خەڵکەکەش گوتویانە کار و بەم شەوە، بۆیە رادەستی هێزە ئەمنییەکانیان کردووە.
کەسەکە دوو مۆبایلی پێبووە، لە رێگەی وەتسئەپ قسەی کردووە و مۆبلەکانی داخستووە، هەروەها بڕە پارەیەکی جۆری 25 هەزار دیناری پێ بووە لەگەڵ چەند کارتێکی بانکی هەرێمی کوردستان و ئێران، خواردنیشی پێ بووە، دانیشتووانی گوندەکە گومانی سیخورییان لێکردووە، بۆیە دەستگیریان کردووە و رادەستی لایەنە ئەمنییەکانیان کردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستیپێکردووە.