جووتیارێکی پێنجوێن: پێنج رۆژ ژیانمان وەستان تاوەکو دواتر لە ژیان بەردەوام بین


رووداو دیجیتاڵ 

دووکان و بازاڕەکان لە پێنجوێن کرانەوە، جموجۆڵی بازرگانیش لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ئاسایی بووەوە. پێنجوێنییەکان ئەزموونێکی نوێی خۆپێشاندانیان ئەنجامدا کە دوای چوار رۆژ داواکارییەکانیان جێبەجێکران. 
 
خاوەنی بیرۆکەی خۆپێشاندانەکە، گەنجان و چالاکڤانانی شارەکە بوون، لە رێگەی لیژنەیەکی نۆ کەسی و لیژنەیەکی 20 کەسی 20 رۆژ پێش دەستپێکردنی کاریان بۆ رێکخستنی دەکرد. 
 
ئەنەس ئەمین، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی خۆپێشاندانەکەیە و دەڵێت: لیژنە نۆ کەسیەکە بڕیارەکانی دەدا و بڕیاری خۆپێشاندانەکەی دا؛ لیژنە 20 کەسیەکە کاتی خۆپێشاندانەکە رێکخستنیان بۆ کارەکان دەکرد و بەڕێوەیان دەبرد. 
 
داواکاریی سەرەکی خەڵکی شارەکە، دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری و دابەشکردنی نەوت و بەگەڕخستنەوەی پرۆژە وەستاوەکانی قەزای پێنجوێن بوون.
 
کارەبا 24 کاژێرییەکەیان بۆ دابینکرا و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دیکەن. 
 
عومەر عەبدولعەزی، جووتیارێکی پێنجوێنە و دەڵێت: ئێمە پێنج رۆژ ژیانمان وەستان بۆ ئەوەی دواتر ژیان بەردەوام بکەین. بەئومێدەوە دەڕوانینە بەڵێنەکانی حکومەت کە پێیداوین، ئەوەی جوان بوو ئەو خۆپێشاندانە ئەوە بوو کە دەستی حیزبی تێدانەبوو، خەڵک چوار شەو هێلکەی کۆڵاویان بۆ دەهێناین، 5ی بەیانی خەڵک نیسکێنەی بۆ دەهێناین. 
 
پێنج رۆژ تەواوی دووکان و بازاڕەکانی پێنجوێن داخرابوون، هەموویان لە ملەکەوەی مەیدانی خۆپێشاندانەکە بوون. 
 
پەیامنێری رووداو چووە یەکێک لە دووکانەکانی ئەو شارە کە بژێوی پێنج خێزانی لەسەرە؛ لە 28 ساڵی کارکردنیان دەڵێن، یەکەمینجار بوو دووکانەکەیان بەو شێوەیە دابخەن. 
 
خەلیل خالید، میوەفرۆشێکە لە پێنجوێن و دەڵێت: ئێمە دووکانەکەمان هی سەوزە و میوە بووە هەر نەهاتووین بەلایدا بۆ ئەوەی بزانین کە خراپبووە یا نا، چونکە گەنج و پیر و ئەو خەڵکە هەمووی لەبەردەم ئەو سەرمایەدا بوون بۆ داوای مافەکانیان، هی ئەوە بوو کە کەسمان دووکانمان نەکردەوە و هەموو دامانخست. 
 
داواکارییەکی دیکەی هاونیشتیمانییانی پێنجوێن، گەڕانەوەی قایمقامی شارەکە بوو کە لەکاتی خۆپێشاندانەکە دەستی لەکارکێشایەوە. 
 
خۆپێشاندانەکەی پێنجوێن لە رۆژی 11 بۆ 15ی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، ئەوەی کە خەڵک داوایانکرد بۆیان جێبەجێکرا. بەپێی ئاماری دەستەی بەڕێوەبردنی خۆپێشاندانەکە لە یەکەم رۆژدا هەزار و 500 کەس و لە دوایین رۆژدا چوار هەزار کەس بەشدارییان تێداکردبوو.