پەرلەمانتارێک: تاوەکو سەری ساڵ 45 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپییە، بەڵام تاوەکو سەری ساڵ 45 ملیۆن لیتر دابەشکراوە.
رێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپیی هەبوو، بەڵام پێویستیی ناوخۆی پڕ نەدەکردەوە، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپییە. بەپێی دوایین زانیاری کە لای من بوو، تاوەکو پێش سەری ساڵ 45 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەش کراوە."
پێشتر وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت لە حکومەتی عێراق دەکڕێت و خۆیان بە ئەندازەی پێویستیان نییە.
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئێمە زانیاریمان لا نییە کە بە چەندی دەکڕێت، هەرچەندە دەڵێت بە زیان دەیفرۆشین. ئەوەندەی من بزانم بە 55 هەزار دینار بە ناوچە شاخاوییەکانی دەفرۆشێت."
رێبوار بابکەیی ئاماژەی بەوە دا، دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە و ئێستا لە ناوەندی شارەکان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان غازی ماڵان نرخی لە 7500 دینارەوە بووەتە نزیکەی 15000 هەزار دینار کە ئەوەیش بووەتە مایەی گلەیی هاونیشتمانییان.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئێمە لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت بوتڵێک غازی ماڵان بە 8000 دینار بێت. ساڵانە کە کۆمپانیای دانەغاز لە کێڵگەکاندا دەست بە نۆژەنکردنەوە دەکات، لەو کاتەدا غاز لە بازاڕدا کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەوەندەی ئێمە بزانین، ئەو نۆژەنکردنەوەیە تەواو بووە و هێشتا قەیرانی غاز هەر وەک خۆیەتی."
رێبوار بابکەیی باسی لەوە کرد، ئەوەی جێی ئومێدە ئەوەیە کە لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەی غاز بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر دەبێت، ئەویش لەبەر ئەوەی بەرهەمی غاز زیاد دەبێت.