ئاسایشی هەرێمی کوردستان: لە خورماڵ دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران و بڕی 20 کیلۆ مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەرداگیرا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە شەوی 12-12-2024، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و لەسەر بنەمای زانیاری و چاودێریی ورد؛ بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ئاسایش، توانییان دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر لە ناحیەی خورماڵ دەستگیربکەن".
 
هەر لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، "بڕی 20 بیست کیلۆ و 965 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ) دەستی بەسەردا گیرا و بازرگانان ئامانجیان بووە مادەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ساخبکەنەوە".
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێستا تۆمەتباران بە مادەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".