ئەنجوومەنی وەزیران: هیوادارین حکومەتی فیدراڵی پەلەبکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دووپات دەکاتەوە و، رایگەیاند 'هیوادارین حکومەتی فیدراڵیش پەلەبکات لە ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.'
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15-11-2023) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. یەکەم بابەتی کۆبوونەوە ئاساییەکەی ئەمڕۆ، تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی گفتوگۆی هاوبەشی نێوان وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێمی کوردستان لە رۆژانی 12 و 13 ـی 11 سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆک وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە خستەڕوو و، رایگەیاند 'سەرەتا سەرۆکوەزیران کورتەیەکی لەبارەی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم و شاندی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیى جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی فیدراڵ کە ماوەی چەند رۆژێک لە هەولێر بوون، خستەڕوو."
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئاداری ئەم ساڵ دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ئەنجامی سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا راگیراوە و تائێستا زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە عێراق داوە.
سەردانی شاندە باڵاکەی عێراق لەم هەفتەیەدا کە حەیان عەبدولغەنی سەرۆکایەتیی دەکرد، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە بوو.
بەپێی راگەیەندراوەکەی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە ''لە چوارچێوەی دەستوور و رێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیش پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە.''
ئەنجوومەنی وەزیران شاندنی حکومەتی راسپارد بەردەوام بن لە گفتوگۆکان
دواتر ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای ''پێشوازی و پشتیوانیکردن لە بەڕێوەچوونی ئەرێنیی دانوستاندنەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان" جەختی لە پاراستنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و وەک لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپارد لە چوارچێوەی دەستووردا لە هەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن."