بزووتنەوەی ئیسلامی: بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان لە بانگەشەدا رەچاوی باری دەروونی خەڵکیان نەکرد

رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاند، بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان "نالۆژیکییانە" بانگەشەی هەڵبژاردنیان بەڕێوەبردووە.

عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز، لە کۆنفراسەکەدا باسی لە شێوازی بانگەشەی بەشێک لەلایەنەکان کرد و گوتی، "بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێوازێکی زۆر نالۆژیکی و بەبێ رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکان و باری دەروونی میللەتەکەمان بانگەشەی هەڵبژاردنیان بەڕێوەبرد".
 
گوتیشی مامەڵەی هێزەکانی دەسەڵات لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن "نابەرپرسیارانە" بوو، هەروەها وایکرد کە هاونیشتیمانییان ترسیان لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ هەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد، "هاووڵاتییان ئێستاش ترسیان لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ هەیە".
 
عەبدوڵڵا وەرتی هیواشی خواست، "ئەو لایەنانەی کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ یەکتریدا کردووە، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن و دەرچوونی ئەنجامەکان، بەشێوازێکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەن".
 
گوتەبێژەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی باسی لەو پێشێلکارییانە کرد کە بەرامبەر بە بەربژێرەکانی بزووتنەوەکە کراوە و رایگەیاند، "لە سلێمانی، هەڵەبجە و لە هەولێریش بەشێک لە پۆستەرەکانی بەربژێرەکانیان دڕێندراوە".
 
بزووتنەوەی ئیسلامی لە بازنەی هەولێر 17 بەربژێری هەیە؛ لە بازنەی سلێمانی 15 بەربژێری هەیە؛ لە بازنەی هەڵەبجە 6 بەربژێری هەیە، بەڵام لە بازنەی دهۆک هیچ بەربژێرێکی نییە.
 
ئەمڕۆ دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و کاژێر 12:00 بانگەشە کۆتایی دێت.
 
دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى ئەم مانگە دەکرێت و دوو رۆژ دواتریش دەنگدانى گشتى دەکرێت.