دانا ئەحمەد مەجید: دەرفەتێکی دیکەمان پێ ببەخشن و بەهێزمان بکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "قۆناخێکی گرنگ و چارەنووسساز چاوەڕوانی میللەتەکەمان دەکات، تێیدا بە دەنگی دەنگدەران داهاتوی حکومڕانی و ژیانی پەرلەمانی و سیاسی دیاریدەکرێت."
 
رۆژی 15ی ئۆکتۆبەر، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەوەکالەت، لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن رایگەیاند: "بەرپرسیارێتیی هەموومانە ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین و بەدەنگی هاووڵاتییان دەتوانرێت دۆخی ئابووریی بگۆڕدرێت و کۆتایی بە قەیرانە کەڵەکەبووەکان بهێنرێت."
 
دانا ئەحمەد مەجید گوتیشی، ''ئێوەی دەنگدەر بڕیاربەدەستن و بە دەنگەکانتان دەتوانن داهاتوو و چارەنووسی خۆتان و نەوەکانتان دیاری بکەن، ئێوەشن کە بڕیار دەدەن داهاتووی حکومڕانی ئەم وڵاتە لەدەستی چ هێزێکدا بێت، بەشداری بەرفراوانتان نیشانەی هۆشیاری و زیندویەتی ئێوەیە، بۆ سزادانی گەندەڵکاران و کۆتاییهێنان بە تاکڕەوی لە بڕیاردان و حکومڕانی خراپ لەم هەرێمەدا، ئەوەش بە ئامانجی سەرخستن و هێنانەدی ئیرادەی گۆڕانکاری و خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتیمانیان''.
 
دانا ئەحمەد مەجید دەڵێت، ''بەرچاومان روون بوو گۆڕانخوازان و هاونیشتیمانیان چییان لە گۆڕان دەوێت و ئەو داواکارییەی هەتانبوو، بە گەڕانەوە بۆ بەرەی خەڵک و کشانەوە لە حکومەت بە هەند وەرمان گرت و بڕیارمان لێدا''.
 
رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "ئەو بڕیارانە بەبێ پشتیوانی دەنگ و خاوەندارییەتی دەنگدەرانمان بە قازانجی میللەتەکەمان ناشکێتەوە و شوێنی خۆی ناگرێت، بۆیە داواکاریین لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتێکی دیکە بە بزووتنەوەکەتان ببەخشن و بەهێزی بکەنەوە، بۆئەوەی لە داهاتوو، لەرێگەی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزەوە داکۆکی لە ماف و داواکارییەکانتان بکەین."