کەشناسی: سبەی لە چەند ناوچەیەک باران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت سبەی لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک باران ببارێت. کەشناسێکێش ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی یەکەمین شەپۆلی سەرمای ئەم ساڵ هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت سبەی چوارشەممە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک باران ببارێت. 
 
لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوویشەوە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی بارستە هەوایەکی سارد هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما 8 پلە دابەزێت".
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، لە رۆژی هەینییەوە خەڵک لە بەشێکی ناوچە شاخاوی و کوێستانییەکان پێویستیان بە ئامێری گەرمکەرەوە دەبێت؛ گوتیشی، "بۆ نموونە، لە سنووری قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر پلەی گەرما بەرەبەیان بۆ پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزێت".
 
کاریگەریی شەپۆلەکە بۆ هەفتەیەک دەمێنێتەوە. محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە لە ناوچە شاخاوییەکان و بەشێکی شارەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک باران دەبارێت.
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی چوارشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 33  پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 32 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 32 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 36 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 34 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 32  پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 22  پلەی سیلیزی
سۆران؛ 31  پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 37  پلەی سیلیزی