وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی: ئەم ساڵ مۆڵەت بە 139 کارگە دراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 4,610 کارگە لە هەرێمی کوردستان هەن و ئەم ساڵیش مۆڵەت بە 139 کارگەی بچووک و مامناوەند دراوە.
سێشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2024، سوارە عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 139 کارگەیەی کە ئەم ساڵ مۆڵەتیان پێدراوە، 103یان لە پارێزگای هەولێرن، 12 پارێزگای سلێمانی، 16 لە پارێزگای دهۆک و شەش کارگەش لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن.
لە هەرێمی کوردستان 4,610 کارگە هەن، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرن و ژمارەیان 3064 کارگەیە. سوارە عەزیز دەڵێت: "کارگەکانی هەولێر زۆرترینیان کارگەی بەفر، بلۆک، ئاسنگەری دەرگا و پەنجەرە و کەلوپەلی پلاستیکین."
لەبارەی کارگەکانی سلێمانیش، سوارە عەزیز گوتی: "ژمارەیان 1,102 کارگەیە زۆرترینیان کارگەی کاشی، بلۆک، ئەلەمنیۆم، دارتاشی و هاڕینی و وردکردنی بەردن." گوتیشی: "لە پارێزگای دهۆکیش 335 کارگەی هەن و زۆرترینیان کارگەی بلۆک و پڕکردنەوەی غازی شلن. لە زاخۆش 109 کارگە هەن."
ئەندازیار تەیب کەژۆ، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پشەسازی هەولێر لە وەزارەتی پشەسازی و بازرگانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارگەکان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی بازرگانی و ژووری بازرگانی دەدرێت، بە پێی هەندێک پێوەری دیاریکراو.
ئەندازیار تەیب کەژۆ گوتی: "لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، ئەگەر دەرکەوت کارگەکە سوودی دەبێت، ئەوا مۆڵەتی دامەزراندنی پێدەدرێت."
لە کۆی 4,610 کارگەی لە هەرێمی کوردستان، 2,345 کارگەیان کاردەکەن، 2,265 کارگەش کار ناکەن.