تۆماری باری کەسیێتیی سنە: لەدایکبوون کەمبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیێتیی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 6 مانگی رابردوودا 10 هەزار و 787 منداڵ لەدایکبوون و ئەو ژمارەیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو رێژەی 7٪ کەمترە. 
 
عەلی جەوکار، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیێتیی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ (شەممە 14-10-2023) گوتی، لە شەش مانگی رابردوودا 5 هەزار و 575 کوڕ و 5 هەزار و 212 کچ لەو پارێزگایە لەدایکبوون.
 
بە گوتەی عەلی جەوکار، زۆرترین ئەو ژنانەی منداڵیان بووە تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 34 ساڵ بووە. 
 
بەپێی راپۆرتی تۆماری باری کەسیێتیی پارێزگای سنە، لە 6 مانگی رابردوودا 5 هەزار و 592 ژیانی هاوبەش پێکهێندراون، بەهەمان شێوە ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی 7.6٪ کەمترە.
 
ئەوەی پەیوەندی بە جیابوونەوەوە هەیە، لە شەش مانگی رابردوودا 2 هەزار و 146 جیابوونەوە تۆمارکراون، ئەویش بەراورد بە کاتی هاوشێوەی پار 13.5٪ کەمبووەتەوە.