پارێزگاری سلێمانی داوای شکاندنی بایکۆت لە مامۆستایان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سلێمانی داوای لە مامۆستایانی ناڕازی کرد بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن. دەشڵێت، "نابێت مووچە و شایستەکانی مامۆستایانی سلێمانی تێکەڵ بە بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی بکرێن."
 
دوای ئەوەی سلێمانی وەکو نموونەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان دیاریکرا؛ د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە شاری مۆنتریالی کەنەدا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی و رێبوار عەلی پێشکێشیان کرد، باسی لە بوونی سلێمانی وەکو شارێکی داهێنەری ئەدەبی لەسەر ئاستی جیهان کرد.
 
ئەمساڵ کۆنفرانسی تۆڕی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهان لە شاری مۆنتریالی کەنەدا لە رۆژانی 9 تاوەکو 13ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، تێیدا سلێمانی لەگەڵ شارەکانی سیاتڵ لە ئەمریکا و ئێدنبەرە لە سکۆتلاند لە بواری باش بەڕێوەبردنی چالاکییەکاندا، وەکو نموونەی شایستەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان ناسێندرا.
 
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی وەرگرتنی ئەم ناسناوە بۆ شارەکە دەڵێت، "ئەوەی بۆ سلێمانی بەدەستمان هێناوە ئەنجامی مێژوو و شارستانیەت و تێکۆشانی بەرهەم و دەقی ئەدەبیی میلـلەتەکەمانە، لە ماوەی رابردوودا وڵاتانی جیهان گەلی کوردیان بە قوربانیدان و جینۆسایدەوە دەناساند و بەزەییان پێمان دەهات، بەڵام ئێستا کورد لە رێگەی کولتوور، بەرهەم و فەرهەنگەکەیەوە خۆی بە جیهان دەناسێنێت."
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، دەڵێت، سلێمانییان لە بوار ئەدەب و هونەر گەیاندووەتە ئاستی وڵات و میلـلەتە گەورەکانی جیهان، ئێستا لەڕووی ئەدەبییەوە سلێمانی چووەتە سەر نەخشەی نێودەوڵەتی.
 
لەبارەی هۆکاری پێدانی ئەم ناسناوە بە سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند، لەسەر ئەرکی خۆیان 150 کتێبیان چاپ کردووە و بەشی زۆری کتێبەکانیشیان بۆ سەر زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێڕاون، لە ساڵی 2018 سلێمانی خراوەتە سەر نەخشەی پەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وزە و ئاو و هەوا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا؛ سلێمانی بووەتە ئەندامی کارا لە فیدراسیۆنی شارەوانییەکانی ئیتاڵیا، لە هۆڵەنداش سلێمانی کراوەتە یەکێک لە 12 نموونەکەی خاوەن کێڵگەی بەرهەمهێنان، هەروەها ساڵی 2019 سلێمانی لە کۆنگرەی تەندروستی و چارەسەرسازی خەڵات کراوە، ئەمانە وایان کردووە سلێمانی وەکو نموونەوەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان دیاریبکرێت.
 
پارێزگاری سلێمانی داوای شکاندنی بایکۆتی مامۆستایان دەکات
 
لە هەرێمی کوردستان 13ی ئەیلوولی 2023 ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە، بە پێچەوانەوە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ پرۆسەی خوێندن بەردەوامە.
 
پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، نابێت لە 30 رۆژ زیاتر مووچەی مامۆستایان دوابکەوێت و ئەوان پشتگیری لە تەواوی داواکارییەکانی مامۆستایان دەکەن. دەشڵێت، ئەرکە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەر رێگەیەک بێت، مووچە و شایستە داراییەکان و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، پێش ئەوەش ئەرکە لەسەر حکومەتی عێراق بەگوێرەی ئەو رێککەوتنانەی کراوە، پابەند بێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر داوا لە مامۆستایان دەکات، "دەوامی خوێندن دەستپێبکەنەوە تەنیا لەپێناو نەوەکانماندا، نەوەک لەپێناو راگرتنی پایەکانی دەسەڵات یاخود حیزب، هەروەها مامۆستایان رێگە نەدەن داوا و مافی رەوایان تێکەڵ بە هەڵبژاردن و بەرژەوەندیی هیچ حیزب و کەسێک بکرێت، ئەرکیشە لەسەر حیزبە سەرەکییە پێکهێنەرەکانی حکومەت، سەرەڕای پشتگیریکردن لە مووچە و شایستە داراییەکانی مامۆستایان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، هانی مامۆستایان بدەن، تاوەکو دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان هێشتا دەوامیان نەکردووە.
 
بە گوتەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کەمترین رێژەی نەخوێندەواریی تێدایە. داخستنی دەرگەی قوتابخانەکان وادەکات، تاوان و بێکاری زیاتر بن، دواکەوتوویی روو لە کۆمەڵگە بکات و دواتر بە تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیی خێزانەکان کۆتایی بێت.