منداڵی پێشمەرگەیەک بەهۆی نەخۆشییەکی دڵەوە ژیانی لە "مەترسیدایە"


رووداو دیجیتاڵ
 
ئایناز زەکەریا، کچێکی نۆ مانگە کە لە زکماکەوە نەخۆشییەکی دڵی هەیە کە دەبێتە هۆی هەناسەتەنگی و کەمخۆریی، ئەگەر نەشتەرگەری نەکات "لەوانەیە" ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی. 
 

لەبارەی جۆری نەخۆشییەکەیەوە زەکەریا زکری، باوکی ئایناز بە رووداوی راگەیاند، ئەو پزیشکانەی سەردانیان کردوون پێیان گوتووە چارەسەری ئایناز "سەختە"، چونکە خوێنبەر و خوێنهێنەرە گەورەکانی دڵی تێکەڵدەبن.
 
بەپێی لێکۆڵێنەوە زانستییەکان منداڵ دەبێت لە دوای تەمەنی شەش مانگییەوە جگە لە شیر، خواردنی دیکەش بخوات، بەڵام دایکی ئایناز دەڵێت، کچەکەیان ناتوانێت جگە لە شیر هیچ شتێکی دیکە بخوات و بەردەوام تووشی هەناسەتووندی دەبێت، بۆیە دەبێت ئۆکسجینی بۆ دابنرێت.
 
ئەو نەخۆشییەی لە زکماکییەوە تووشی ئایناز بووە ناوە زانستییەکەی D-TGA, PDA, VSD ـە. دایکی ئایناز لەبارەی کچەکەیەوە دەڵێت، بەهۆی ئازارەوە ناتوانێت "بەباشی" بخەوێت و شیر بخوات، و بەراورد بە منداڵانی هاوتەمەنی خۆی کێشی زیاد ناکات.

ئایناز دانیشتووی ئاکرێیە و بە نەشتەرگەری نەخۆشییەکەی چارەسەر دەکرێت. پزیشکان دەتوانن لە هەرێمی کوردستان نەشتەرگەری بۆ بکەن، بەڵام بە گوتەی باوکی ئایناز، "تێچووی زۆرە" و لە توانای ئەودا نییە. 
 
سەرەڕای ئەوەی نەخۆشییەکە مەترسی بۆ ژیانی ئایناز دروستکردووە، بەڵام باوکی دەڵێت، توانای ماددیی باش نییە و ناتوانێت نەشتەرگەری بۆ کچەکەی بکات، "تەنانەت توانای دابینکردنی شیرێکی باشیشم نییە".

 

بەپێی زانیارییەکانی بەشێک لە پسپۆڕانی ئاگادار لە کەیسەکە، ئەو نەشتەرگەرییە "لەوانەیە" لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، لە سلێمانی و هەولێریش دوو پزیشکی پسپۆڕ هەن بۆ ئەو کارە.
سەرکۆ رەحیم حمە غەریب، بەڕێوەبەری رێکخراوی بەرەو ژیانێکی نوێ بۆ منداڵان کە بنکەکەی لە هەڵەبجەیە و خێرخوازییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەیسی منداڵەکەیان بینیوە و راپۆرتی خۆیان بۆ پزیشکانی پسپۆڕ لە ئەمریکا بەرزکردووەتەوە کە ساڵانە سەردانی سەنتەرەکەیان دەکەن و چەند نەشتەرگەرییەک بەبێ بەرامبەر دەکەن. 

 
بە گوتەی سەرکۆ رەحیم حەمە غەریب، ئەو پسپۆڕانە هێشتا وەڵامیان نەداونەتەوە، "نەشتەرگەرییەکەی ئەو منداڵەش هێندە سەخت نییە کە باسی دەکەن، بەڵام خەڵک وبەشێک لە دکتۆرەکان ئەو دایک و باوکەیان ترساندووە، چونکە ئێستا کەیسێکمان هەیە لە سلێمانی کە بەتەواوی دڵی بۆ دەگۆڕن".

بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوە خێرخوازییەی تایبەت بە منداڵان لە هەڵەبجە دەڵێت، بە خەمڵاندنی ئەوان نەشتەرگەرییەکە لەنێوان 30 بۆ 50 هەزار دۆلاری دەوێت ئەگەر لە هەرێمی کوردستان بکرێت.