بەدواداچوونی رووداو: هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا کۆدی نادرێتێ
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پێدانی کۆد بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی پارێزگاکەوە، بەرپرسانی هاتووچۆ و ئاسایش دەنگۆکەیان رەتکردەوە.
دەنگۆی پێدانی کۆدێک بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە بڵاوبووەتەوە کە لە شێوەی "ئاڕم"ـی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی رابردووە، بەڵام بەگوێرەی بەدوادچوونی رووداو، دوورە لە راستییەوە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە هەرێمی کوردستان هەن و زیاتر لە 30 هەزاریان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئەفسەرێکی باڵا لە هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتامان تۆمار نەکردووە و تۆمار ناکرێن، ئەوەشی دەڵێن کۆدیان پێدەدرێت، لەلایەن ئاسایشەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئاسایشی سلێمانی هیچ کۆدێکی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە نەکردووە و هیچ بڕیارێکی فەرمیشی بۆ پێدانی کۆد بە فەرمی لەبەردەستدا نییە.
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە ئاسایشی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهیچ شێوەیەک ئەو هەواڵانە راست نین. بەڵام هەر شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا سەرپێچی بکات، ئاسایش دۆسیە بۆ شۆفێرەکە دەکاتەوە نەوەکو ئۆتۆمبێلەکە".
بەرپرسەکەی ئاسایش روونیکردەوە: "ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەیە چەند جارێک تابلۆی گۆڕیوە، یان جامی رەشکردووە، یان سەرپێچی جیای کردووە، ئێمە خاوەنەکەی بانگ دەکەین و دۆسیەی بۆ دەکەینەوە، بەڵێننامەی پێ پڕدەکەینەوە بۆ ئەوەی دووبارەی نەکاتەوە".
ئاسایشی سلێمانی هەندێکجار بەگوێرەی سەرپێچییەکان دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکەدا دەگرێت، ئەویش دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە کە جارێکی دیکە ئۆتۆمبێلەکە نەبرێتەوە شەقام، رادەستی خاوەنەکەی دەکەنەوە.
لە گەرمیان زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەن. موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ بڕیارێک بۆ ئێمە نەهاتووە بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و ئاسایشیش هیچ بڕیارێکی هاوشێوەی نییە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش هیچ ئاگاداری پێدانی کۆد، یان هەر بەڵگەنامەیەکی دیکە نییە بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی هەرێمی کوردستان.
04-03-2021 بۆ 01-04-2021، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان پشکنینی بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی هەرێمی کوردستان کرد "بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری و ئامادەکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ."
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان لەبارەی ئەو پشکینینەوە گوتی: "تەنیا بۆ ئەوە بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بزانێت چەند ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەن".
سامان عەلی گوتیشی: "ئەنجامی ئەو پشکنینە ئەوە بوو کە 90%یان بۆ بەکارهێنان نابن و بڕاوەی دوو پارچە و سێ پارچەن و پێکەوە لەحیم کراون".
بەشێکی سەرەکی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان بە "مەلیکە" ناسراون و ساڵانی رابردوو بەبێ پشکنین و بێ گومرگ لە دەروازەکانەوە بە قاچاخ هێندراونەتە هەرێمی کوردستان.
لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. بێ سەرەتاکان مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە.