لە گوندێکی ئامەد بەهۆی نەبوونی مامۆستا خوێندن دەستی پێنەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی تەپەکۆناک سەر بە شارۆچکەی بسمیل لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، بەهۆی کەمیی مامۆستا، تائێستا قوتابخانەی گوندەکە نەکراوەتەوە.
بەگوێرەی میدیا خۆجێییەکان، لە گوندی تەپەکۆناک قوتابییان دەستیان بە ساڵی نوێی خوێندن نەکردووە، چونکە مامۆستا بۆ ئەو گوندە دانەنراون.
ئەو مامۆستایەی پارساڵ لەو گوندە بوو، لەسەر داواکاری خۆی گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە شوێنی ئەو ئەم ساڵ مامۆستای بۆ ئەو گوندە نەناردووە.
لەو گوندەدا 15 قوتابی هەن. بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ئامەد بە دانیشتووانی گوندەکەی راگەیاندووە، تاوەکو مامۆستایەک دادەمەزرێندرێ، مامۆستایەکی گرێبەست بۆ گوندەکەیان دەنێرن.
لە تورکیا و باکووری کوردستان ساڵی خوێندنی 2024-2025 رۆژی 9ـی ئەیلوول دەستیپێکرد. لە دوو هەزار و 287 قوتابخانەی ئامەد 467 هەزار و 725 قوتابی هەن و 24 هەزار و 865 مامۆستا وانە دەڵێنەوە.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو 68 هەزار پۆستی بەتاڵ لە باکووری کوردستان و تورکیادا هەن، بەڵام ئەم ساڵ تەنیا 20 هەزار مامۆستا دامەزراون.