کۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆک: هەنگوین 70% کەمی کردووە


رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری پارێزگای دهۆک هەنگوین کەمی کردووە. هەنگەوانێک لە قەزای شێخان هەرچەندە مێش هەنگەکانی هێشتبووەوە بۆ کۆتایی وەرزی بڕینەوەی هەنگ بۆئەوەی بەرهەمی زیاتر بکات، بەڵام دەڵێت، هەنگوینی ئەمساڵی کەمی کردووە.
 
گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی هەنگوین دادەنرێت. رەدوان هەسنەکی، هەنگەوان بە رووداوی گوت، "ساردییەکی زۆر هەبوو ئەم زستانە، ناوچە شاخاوییەکانی بەستبووی، زۆر جۆری گیا لەنێوچوون و ئەمساڵ ئەو جۆرە گیایانە گوڵیان نەدا. جگە لەوەش ئەمساڵ کەشوهەوا بە گشتی بۆ مێش باش نەبوو. مێشەکان تاوەکو 04-06 بە باشی ئیشیان کرد. دوای ئەوە باش نەبوو."
 
کۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆک دەڵێت، هەنگوینی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکە 70٪ کەمی کردووە، ئەوەش بۆ نائارامی لە دەڤەرە چیاییەکان و سووتانی دارستانەکان دەگەڕێنێتەوە.
 
خورشید ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆک بە رووداوی گوت، "ئەم خۆڵبارین و گەرما بەهێزەی ئەمساڵ، ئەگەرێکی کەمبوونەوەی هەنگوین بوو. ئەگەرێکی دیکەیش سووتانی دارستانەکان بوو کە شەڕی پەکەکە و تورکیا هۆکاری ئەوە بوو."
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان 15 هەزار و 500 هەنگەوان هەن. پار 700 تۆن هەنگوین هەبوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت هەنگوین تەنیا 400 تۆن بێت.