وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بۆ شۆفێرانی تەکسی: ماوەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەتان بۆ درێژدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەیجی فەرمیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن "هەواڵێکی خۆشی بۆ شۆفێرانی تەکسی راگەیاندووە" و ئاماژەی بەوەش کردووە کە وەزیر بەڵێنی داوە بە درێژکردنەوەی ماوەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەکسی درێژبکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021 ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشوازیی لە نوێنەری سەندیکای کرێکاران و شۆفێرانی تەکسی کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆژەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەكسی "بۆ بەرژەوەندی و سەلامەتیی شوفێری تەكسی و سەرنشینەكانە".
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، شۆفێرانی تەكسی داواکارییەکیان ئاراستەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن كردووە بۆ مەبەستی درێژكردنەوەی وادەی كۆتایی كە بڕیارە لە 1ی تشرینی دووەمی 2021 كۆتایی بێت و لە بەرامبەردا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن جەختی لەوە كردووەتەوە، "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و خودی وەزیری ناوخۆ لەسەر هێڵن و ئەم پرسە بە هەند وەرگیراوە و بەڵێنی دا ماوەكەیان بۆ درێژبكاتەوە، تەنانەت سزای پێبژاردنەكەش دوادەخرێت"، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ماوەکە تاوەکو کەی درێژدەکرێتەوە.
ئانۆ جەوهەر دڵنیایی داوەتە شوفێران کەوا "پاڵپشت بە یاسا هەموو هاوكارییەكیان دەكات"، راشیگەیاند، "شوفێران پێویستە پابەندبن بە لێدانی لۆگۆ و كارتی زانیاریی تەكسی بۆئەوەی دووچاری سزای یاسایی نەبنەوە".
هاوکات نوێنەرانی شۆفێرانی تەکسی "بەڵێنیان دا کە جەخت لەسەر پرۆسەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەکسی و دروستکردنی کارتی زانیاریی شۆفێر دەکەن".