لە حەسەکە شەڕ لەنێوان هۆزی جبوور و هێزێکی چەکدار دروستبوو
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان گرووپێکی چەکدار و هۆزی جبوور دروستبوو و بەگوێرەی زانیارییەکان چوار بریندار هەن.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 15-08-2023) بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ و ئاڵۆزیی لەنێوان گرووپێکی چەکدار و هۆزی جبوور دروستبوو و چوار بریندار هەن، هێزە چەکدارەکە ناویان هێزەکانی بەرگریی نیشتمانییە و لەلایەن هۆزی جبوورەوە تۆمەتبارکراون بە ئەشکەنجەدانی سەرۆکی ئەو هۆزە لە رۆژی یەکشەممەی رابردوودا.
پێشتر هەواڵی جێهێشتنی ناوچەکە لەلایەن فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی بڵاوبووەوە، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای رێڤەبەری خۆسەر رایگەیاند، هێزەکە رەتیدەکاتەوە عەبدولقادر حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی، ناوچەکەی جێهێشتبێت و دەڵێن "لە حەسەکە ماوەتەوە."
هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی لە پێگەی فەرمی خۆی رایگەیاند، عەبدولقادر حەمۆ، ئێستا لەسەر کاری خۆیەتی و دوورنەخراوەتەوە، لە حەسەکەش دەرنەچووە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، ئەو هێزە چەکدارە، ئەشکەنجەی سەرۆک هۆزی جبوورییان دابوو. هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی لەوبارەوە دەڵێن "هۆزی جبوور ئاگادار دەکەینەوە، کە ئەو رەفتارەی لەگەڵ سەرۆکهۆزەکەیان کراوە، ئەرکێکی نیشتمانی و شەرفمەندانەیە بەرامبەر هەر کەسێک کە دژایەتی دەوڵەت و حکومەتی سووریا بکات."
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، عەبدولقادر حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی، لەنێو شاری حەسەکە لە شێخ عەبدولعەزیز ئەلمسڵت، سەرۆکهۆزی جبووری دابوو، ئەو هۆزەش داوای رادەستکردنی ئەو فەرماندەیە دەکەن و دوو رۆژە خێوەتیان هەڵداوە و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەڕەکی تل حەجەری شاری حەسەکە، هۆزی جبووری خێوەتی ناڕەزایەتییان هەڵدا و دواتر شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان ئەوان و هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی دروستبوو و بەهۆیەوە چوار ئەندامی هۆزی جبووریی برینداربوون.