بەشێک لە گەنجان کارتی بایۆمەتری دەردەکەن و بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن


رووداو دیجیتاڵ 

نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان بۆ ماوەی مانگێک لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان درێژکرایەوە، لە 53 بنکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە سنووری پارێزگای هەلێر لە ماوەی 30 رۆژی رابردوو 55 هەزار و 613 کەس سەردانیان کردوون و ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردووە. نیوەی زیاتری ئەوانە گەنج بوون.
 
بۆتان شێرکۆ، یاریدەدەری هونەریی کۆمیسیۆن دەڵێت، ئێستا دەنگدەران دەتوانن سەردانی بنکەکانمان بکەن، چونکە مانگێکی ماوە و ئەوانەشی خاوەن کارتی دەنگدان نەبن، بێبەش دەبن لە دەنگدان و کارتی کورتخایەنیش کە کۆنەکەیە، کاری پێناکرێت.
 
بەپێی دوایین راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 171 هەزار و 83 کەسن، گرووپی تەمەن 15 بۆ 29 ساڵ رێژەی سەرووی سەدا 28٪. زۆربەی گەنجەکان بۆ تۆماری بایۆمەتری چوون، بەڵام مەرج نییە بەشداریی دەنگدان بکەن.
 
عودەی خالید، کاسبکارە لە بازاڕی هەولێر و دەڵێت: "ناچم بۆ دەنگدان و نیازم نییە بەشداریی بکەم، چونکە پێش دەنگدان حیزب و بەربژێرەکان دەڵێن هەموو شتتان بۆ دەکەین، دوای دەنگدانیش هەر ناتناسن."
 
دەریا وریا، خوێندکارە و لە هەولێر دەژی، دەڵێت: "من ئەمساڵ تەمەنم گەیشتووەتە 18 ساڵ و مافی دەنگدانم هەیە، بەڵام ناچم و دەنگ نادەم."
 
عەبدوڵڵا سلێمانیش پیشەی کاسبە و هەر لە هەولێرە، دەڵێت: "ئەگەر دەنگ بدەین دەگەین بە مافەکانمان."
 
محەممەد عەبدوڵڵا، خوێندکارە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کارتی بایۆمەتریی کردووە بۆ ئەوەی کاری رۆژانەی بڕوات نەک دەنگ بدات، "دەنگیش نادەم بە هیچ شێوەیەک."
 
کاسبکارێکی دیکە لە هەولێر دەڵێت: "کارتی بایۆمەتریم نییە و دەریشی ناهێنم، بەشداریی هەڵبژاردنم نەکردووە و ناشیکەم."
 
ئەو گەنجانەشی لە رێکخستنەکانی حیزبین و بەشداریی چالاکییە سیاسییەکان دەکەن، بەپێی توێژینەوەی دامەزراوە سیاسییەکان لە سەرووی 60٪یان بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.
 
چنار سەعد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، رێژەی بەشداریی گەنجان بەپێی ناوچە و پارێزگا دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئێمە لە راپرسیێکدا کە لە زانکۆکانی دهۆک ئەنجاممانداوە، رێژەی بەشداریکردنی گەنج زۆر زۆرە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
 
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداویش، 72٪ـی گەنجان بەشداریی دەنگدان دەکەن، کچان و ژنان خواستی زیاتریان لەسەر هەڵبژاردنە، ئەوان بە رێژەی 79٪ و نزیکەی 9٪ لە رەگەزی نێریش دەیانەوێت بەشداریی دەنگدان بکەن.