هۆشیار زێباری شەڕی نێوخۆی کورد بە بیری شیعەکان دەهێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری لە روودانی شەڕی نێوخۆی شیعەکان دەدات و دەڵێت گرژییەکانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر گەیشتووەتە ترۆپک و دەبێت رێگری لێبکرێت، هەروەها باسی شەڕی نێوخۆیی پارتی و یەکێتی دەکات و دەڵێت: "با سوود لە مێژوو وەربگرین."
 
رۆژی دووشەممە، 15ـی ئابی 2022، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان لایەنە شیعەکانی عێراق کە ماوەی 10 مانگ دەبێت پێکهێنانی حکومەتی دواخستووە و ئێستا مەترسی رووبەڕووبونەوەی چەکداری لێدەکرێت، تویتێکی کرد و تێیدا باسی شەڕی نێوخۆی پارتی و یەکێتی لە ساڵی 1994 دەکات و دەڵێت: "شەڕە نێوخۆییەکان بە بڕیاری سەرکردایەتی ناکرێن، شەڕی نێوخۆیی کورد لەساڵی 1994 بەبڕیاری بەڕێزان مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی دەستیپێنەکرد، بەڵام رووداوی تووندوتیژیی تووندڕەو و جیا جیا لەلایەن سەرکردە مەیدانییەکانەوە هۆکاری شەڕەکە بوون."
 
هۆشیار زێباری لە تویتەکەیدا ئاماژە بە دۆخی سیاسیی عێراق دەکات و دەنووسێت: "گرژیی سیاسیی ئێستای نێوان هێزە شیعەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدری گەیشتووەتە ترۆپک و دەبێت رێگری لێبکرێت و با سوود لە مێژوو وەربگرین."
 
دوای راپەڕین و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1994 تێکچوو و بۆ ماوەی چوار ساڵ شەڕیان کرد و کوردستانیان بەسەر دوو زۆندا دابەشکرد. لە ساڵی 1998 بە نێوەندگیری ئەمریکا، سەرۆک مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، سکرتێری پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ رێککەوتن.
 
لە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021دا رەوتی سەدر 73 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 31 کورسی و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکانیش 60 کورسییان بەدەستهێنا. 
 
ئەو سێ هێزە پێکەوە هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانیان پێکهێنا و جەختیان لەوە کردەوە کە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکدەهێنن، بەڵام بڕیاری دادگە لەوەی کە دەبێت 220 پەرلەمانتار لە 329 پەرلەمانتارەکەی عێراق لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئامادەبن، بووە هۆی ئەوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت شکستبهێنن، چونکە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە نزیکەکانی و سەربەخۆکان زیاتر لە 110 پەرلەمانتاریان هەبوو. 
 
دۆخە چەقبەستووەکە درێژەی هەبوو و رۆژی 15ی حوزەیران 73 پەرلەمانتارەکەی رەوتی سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە، ئێستا ئاڵۆزییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر گەیشتووتە ئاستێکی مەترسیدار کە رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لەبەردەمدا کراوەیە، بەتایبەت هەردوو لایەنە ناکۆکەکە خاوەنی گرووپی چەکدارن.