مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی دۆخی عێراق و سەردانەکەی هادی عامری کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دۆخی عێراق و سەردانەکەی هادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئابی 2022، سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و دوایین پێشهاتەکان دەکات.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: بەشێک لە کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە ئامانجی سەردانەکەی هادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
 
یەکشەممە 14ـى ئابى 2022، هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و بە جیا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و هادی عامری، بارەگای بارزانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی، دوایین پێشهاتەکانی عێراق، کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی عێراق ئاڵوگۆڕ کراون. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە هاتووە، سەرۆک بارزانی و هادی عامری جەختیان لەوە کردەوە، "پێویستە لایەنەکان بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو بنێن و هەوڵەکانی خۆیان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی تەرخان بکەن."