عەرەبی هاوردە لە داقووق ئاژەڵەکانیان بردووەتە نێو زەویی جووتیارانی کورد و ئاڵۆزی دروستبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری قەزای داقووق، دوای ئەوەی ژمارەیەک عەرەبی هاوردە ئاژەڵەکانیان دەبەنە نێو پووش و پەرێزی زەویی جووتیارانی کورد، ئاڵۆزی لەنێوانیان دروست دەبێت و سێ هاونیشتمانی دەستگیر دەکرێن.
 
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە 14-07-2024 لە گوندی مەنسوور لە ناوچەی حەفتەغار لە سنووری قەزای داقووق روویداوە. مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری بەرپرسی مەڵەبەندی یەکێتی لە حەمرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی ئاژەڵەکانیان بردووەتە حەفتەغار، داگیرکەرن و دەیانەوێت بۆ هەمیشە باڵادەست بن."
 
دوای ئەوەی هاوردەکان ئاژەڵەکانیان دەبەنە نێو زەویی جووتیارانی کورد و ئامادە نین بیانبەنە دەرەوە، ئاڵۆزی لەنێوان هاونیشتمانیان و ئەو عەرەبانە دروست دەبێت، لە ئەنجامدا سێ جووتیاری کورد دەستگیر کراون و خراونەتە زیندان.
 
ئەو سێ هاونیشتمانییەی گوندی مەنسوور کە زیندانی کراون ناویان سامان نەوزاد هیدایەت، خالید نەوزاد هیدایەت و محەممەد نەجات هیدایەت-ە. مەلا حەسەن گەرمیانی کە خزمی دەستگیرکراوەکانە دەڵێت، "ئەمڕۆ دادوەری داقووق بڕیاری راگرتنی هەر سێ دەستگیر کراوەکەی بۆ ماوەی 10 رۆژ راگەیاند."
 
ئەو سێ جووتیارە لەلایەن سریەی دووی فەوجی یەک لە لیوای 78ی مغاویرەوە دەستگیر کراون. جێگری بەرپرسی مەڵەبەندی یەکێتی لە حەمرین دەڵێت، "سوپای عێراق بە ئۆتۆمبێلی خۆیان عەرەبەکانیان بردووەتە دادگە و گوتوویانە دژی جووتیارانی کورد سکاڵا تۆمار بکەن."
 
هاوکات محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی گوت، "عەرەبەکان چوونەتە سەر کورد، کوردەکانیش دەریانکردوون، سوپای عێراق لەجیاتی ئاشتکردنەوە و جیاکردنەوەیان بێ لایەنانە لە یەکتر، چوون سێ جووتیاری کوردیان دەستگیر کردووە."
 
هاوشێوەی ناوچە دابڕاوەکانی دیکەی باشووری کوردستان، کێشەی زەویوزار لە سنووری داقووق چەند ساڵێکە ناوبەناو سەرهەڵدەدات، سەرەتای مانگی پێنجی ئەم ساڵیش هاوردەکانی سنووری داقووق لەسەر زەویوزاری جووتیارانی کورد دەستیان بە بیرلێدان کرد، بەو ئامانجەی لە ئێستا بەدواوە بە شێوەیەکی چڕتر کشتوکاڵ لەسەر زەوییەکان بکەن.
 
سنووری حەفتەغار لە باشووری داقووق یەکێکە لەو ناوچانەی خاکەکەی موڵکی کوردە و دەیان ئاوایی لەسەرە. لە ساڵی 2018 بە هاوکاریی هێزە سەربازییەکان جارێکی دیکە ژمارەیەک لە هاوردەکانی سەردەمی سەدام هێندرانەوە بۆ ناوچەکە، لەو کاتەوە تائێستا بوونەتە سەرئێشە بۆ جووتیارانی کورد.