دانوستاندنى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک؛ ململانێ لەسەر دوو ساڵى یەکەمە
رووداو دیجیتاڵ
شەڕى لایەنەکانى کەرکووک لەسەر ئەوەیە کێ 2 ساڵى یەکەم پارێزگار بێت، ئەگەر لەسەر ئەو شێوازە بۆ دابەشکردنى دەسەڵات رێکبکەون. تورکمان دەیەوێت بۆ ساڵێکیش بێت پارێزگار لەوان بێت، ئەگەرنا چوار ساڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى دەوێت.
شەڕ لەسەر دوو ساڵى یەکەمە
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، چەند سیناریۆیەک بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک هەن و بڕیارە لەو 30 رۆژەى لەبەردەم لایەنەکاندایە گفتوگۆیان لەبارەوە بکەن.
عەزام حەمدانى، سەرکردە لە هاوپەیمانیى عەزم کە یەکێکە لە لایەنە عەرەبییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سێ سیناریۆ هەن کە تاوتوێ دەکرێن. یەکەم، پۆستى پارێزگار لەنێوان کورد، تورکمان و عەرەب دابەش بکرێت لەو ماوەیەى کە ماوە. دووەم، دوو ساڵى یەکەم پارێزگار بۆ کورد و دوو ساڵى دووەم بۆ عەرەب بێت."
عەزام حەمدانى گوتى، "ئەگەر ئەو دوو سیناریۆیە سەرى نەگرت، سیناریۆى سێیەم ئەوەیە پرسەکە بە زۆرینە و کەمینە یەکلایی بکرێتەوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە گفتوگۆکاندا بۆ دابەشکردنى پۆستى پارێزگار بە شێوەى 2 ساڵ بە 2 ساڵ، هەوڵى لایەنەکان بۆ ئەوەیە دوو ساڵى یەکەم وەربگرن.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستانەکان بۆ حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بە رووداوی گوت، "ترسێک هەیە هەر لایەنێک 2 ساڵى یەکەم پۆستى پارێزگار وەربگرێت، بۆ 2 ساڵى دووەم دەستبەردارى نەبێت، چونکە ئەو کاتە دەکەوێتە قۆناخى دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 2026 و گۆڕینى پێکهاتەى حکومەتى فیداڵى و هاوکێشە سیاسییەکانی دیکە، بەوەش گەرەنتى نییە ئاڵوگۆڕى دەسەڵات لە پۆستى پارێزگار بکرێت."
کێ لەگەڵ کێیە؟
هاوهەڵوێستى 2 ئەندامى عەرەب و ئەندامێکى تورکمانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەگەڵ فراکسیۆنى یەکێتى بۆ بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەى 11ى تەممووز، هاوکێشەى دەنگەکانى گۆڕیوە.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت. 9 کورسی دەبێتە زۆرینە بۆ یەکلاییکردنەوى پۆستەکان. یەکێتى و کۆتای کریستیان 6 کورسییان هەیە. ئەگەر ئەو هاوهەڵوێستییەى 3 ئەندامەکەى دیکە بەردەوام بێت لەگەڵیان، دەبنە زۆرینە.
بەگوێرەى زیانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، لە دواى کۆبوونەوەکەى 11ى تەممووز،کۆبوونەوەیەکى دیکە لە دەرەوەى عێراق بە بەشدارى زۆرینەى لایەنە عەرەبییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا و راکان جبوورى، سەرۆکى بەتەمەنى ئەنجوومەن لەگەڵ ئەندامێکى فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو کراوە، بەڵام ئەو سێ ئەندامەى هاوهەڵوێستى یەکێتى بوون بەشدارنەبوون.
تورکمان چى دەوێت؟
لەنێو لیستى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، دوو بەرەى جیاواز هەن کە دابەشبوون بە سەر پاڵپشتیکردن لە دوو ئەندامەکەیان. بەرەى تورکمانى بە سەرۆکایەتى حەسەن تۆران؛ ئەندامەکەى دیکەش کە نزیکە لە ئەرشەد ساڵحى، سەرۆکى پێشووى بەرەکە کە نزیکە لە یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، هەردوو بەرەکەى تورکمان لەسەر پاڵپشتیکردنى لایەنە کوردستانییەکان کۆک نین، بەڵام لەسەر پرسى وەرگرتنى پشکى خۆیان لە پۆستەکانى پارێزگاکە هاوڕان.
سەرچاوەیەکى بەرپرسى لایەنە تورکمانییەکان بە رووداوى گوت، "تورکمان لەگەڵ ئەوەدایە پۆستى پارێزگار بەسەر سێ پێکهاتەکە دابەش بکرێت، ئەوەش بەگوێرەى ئەو ماوەیەى تەمەنى ئەنجوومەن کە ماوە. لانىکەم دەمانەوێت بۆ ساڵێکیش بێت پۆستى پارێزگار وەربگرین".
تورکمانەکان دەیانەوێت پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن وەربگرن، ئەگەر سیناریۆى دووساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان کورد و عەرەب یەکلایی بێتەوە، بەو جۆرە چوار ساڵ ئەو پۆستەیان بەدەستەوە دەبێت، بەڵام ئەو ویستەیان رووبەڕووى بەربەستى لایەنى عەرەبی بووەتەوە کە چاویان لەسەر ئەو پۆستەیە کە لەو دوو ساڵەدا بەدەستیانەوە بێت کە پارێزگار لای کورد دەبێت.
ئەحمەد رەمزى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى تورکمانى یەکگرتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەرەى تورکمانى لەگەڵ جێگۆڕکێى پۆستى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەنە بە شێوەیەکى یەکسان لە نێوان پێکهاتەکان."
عەرەب چاوێکی لەئەنجوومەن و چاوەکەى دیکە لەسەر پارێزگارە
فراکسیۆنە عەرەبییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دابەشبوون لە ویستیان بۆ وەرگرتنى پۆستەکانى کەرکووک. هەندێکیان هەوڵ بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار و هەندێکى دیکەیان هەوڵیان بۆ سەرۆکى ئەنجوومەنە.
فراکسیۆنە عەرەبییەکان 6 کورسی ئەنجوومەنى پارێزگایان هەیە؛ هاوپەیمانیى عەرەبی 3 کورسی، قیادە 2 کورسی،عروبە 1 کورسی.
دیارترین بەربژێرەکانى لایەنە عەرەبییەکان بۆ پۆستى پارێزگار بریتین لە راکان جبوورى وەک بەربژێرى هاوپەیمانیی عرووبە و خالید مەفرەجى وەک بەربژێرى هاوپەیمانیى قیادە.
بەرپرسێکى باڵاى لایەنە عەرەبییەکان لە کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "عەرەب کار بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن دەکات، ئەگەر لە دوو ساڵى یەکەم پۆستى پارێزگار بەر کورد بکەوێت، بەڵام تورکمان دژى ئەوەیە".
دواى 30 رۆژەکە چى دەکرێت؟
لە کۆبوونەوەى 11ى تەممووزى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکدا 30 رۆژ دیاریکرا بۆ ئەوەى پارێزگار هەڵبژێردێت.
بەگوێرەى بڕگەى حەوت لە مادەى حەوت لە یاساى پارێزگا نارێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا، دەبێت لانیکەم لە ماوەى 30 رۆژدا لە یەکەم دانیشتنەوە، پارێزگار و دوو جێگرەکەى بە دەنگى زۆینەى رەهاى ئەندامانى ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی روواوى راگەیان، "یاسای پارێزگاکان چارەسەرى یاسایی ئەوەى نەکردووە کە ئەگەر لە 30 رۆژدا پارێزگار هەڵنەبژێردرێت، چى هەنگاوێک دەنرێت".
یاساکە ئاماژەى بەوەداوە ئەگەر دەنگدان لەنێوان چەند بەربژێرێکدا بکرێت و کەسیان زۆرینەى رەهاى دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، رکابەرى بۆ گەڕى دووەم دەکرێت لەنێوان دوو لە بەربژێران کە لەنێو دانیشتنى ئەنجوومەنى پارێزگادا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە و کامیان دەنگى زۆرتر بهێنێت، دەبێتە پارێزگار.
دارا سێکانیانى رایگەیاند، "ئەگەر لەو 30 رۆژەدا پارێزگار هەڵنەبژێردرا، دەکرێت پەنا بۆ دادگەى فیدراڵى ببرێت بۆ شرۆڤەکردنى ئەو مادەیەى ئەو ماوەی 30 رۆژەى دیاریکردووە؛ هەروەها لەرووى پەکخستنى کارگێڕیشەوە بەهۆى هەڵنەبژاردنى پارێزگار، دەکرێت لە دادگەى کارگێڕیى سکاڵا تۆمار بکرێت".
بە گوێرەى یەکەم دانیشتنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بێت، پێویستە تاوەکو 9ى ئاب پارێزگار هەڵبژێردرێت.
عەزام حەمدانی دەڵێت، "لە دواى 30 رۆژەکە، ئەگەر حکومەتى خۆجێیی کەرکووک پێکنەهێندرێت، محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران خۆى کەسێک بەکاتى دەستنیشان دەکات بۆ پارێزگار، یەکلاییکردنەوەى ئەو دۆسیەیەش دەچێتە پەرلەمانى عێراق."
بۆ رێککەوتن لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی بە نێوەندگیرى سوودانى، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى کەرکووک لە نوێنەرى پێکهاتەکانى شارەکە پێکهێندراوە.
محەممەد حافز، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى قیادە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە، محەممەد شیاع سوودانى لەگەڵ لایەنەکانى کەرکووک لە بەغدا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنى دوایین پێشهاتەکان لەبارەى پۆستى پارێزگار.