خەڵکی دەربەندیخان گلەیی لە کێشەی کەمیی ئاو دەکەن و قایمقام دەڵێت: کێشەکە چارەسەر کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە هاونیشتمانیانی قەزای دەربەندیخان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایی لە کەمیی ئاو دەردەبڕن و دەڵێن، سێ بۆ چوار رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، لەمەودوا رۆژنا رۆژێک ئاو دەدەنە خەڵک.
 
چەند رۆژێکە چالاکڤانانی قەزای دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن، یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانی کوردستان لە سنوورەکەیاندایە، بەڵام بەدەست کەمیی ئاوەوە دەناڵێنن. سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەی کەمیی ئاو چارەسەر کراوە."
 
سلێمان محمەممەد ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان هەبوون. هەمیشە لەگەڵ هاتنی هاویندا خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو زیاتر دەبێت؛ بۆیە وای لێهاتبوو سێ بۆ چوار رۆژ جارێک ئاو دەدرایە هاونیشتمانیان."
 
کێشە تەکنیکییەکانی ئاوی دەربەندیخان دوای تەرخانکردنی پارە لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە چارەسەر کراون. بە گوتەی قایمقامی قەزاکە، لەمەودوا ئاوی زیاتر دەدەنە هاونیشتمانیان و رۆژنا رۆژێک ئاویان بۆ بەردەدەنەوە.
 
لە ساڵی 2014وە بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی ئاو لە دەربەندیخان دانراوە کە بڕیاربوو لە 365 رۆژدا کارەکانی تەواو بن، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە کارکردن تێیدا وەستا و دوای ناڕەزایی هاونیشتمانیان، لە 13-04-2024 کۆمپانیای ئارکیتێکت لەژێر چاودێریی قایمقامیەت و نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران گرێبەستی خەرجکردنی پارەی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان واژۆ کرد بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە.