رێکارەکانی تایبەت بە بردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران دەگۆڕدرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەرکەس ئۆتۆمبێلی خۆی بباتە ئێران، دەبێت تابلۆکەی لە شێوازی نوێ بێت. گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێت، لای ئەوانەوە ئۆتۆمبێلی تابلۆ کۆنیش دەتوانرێت ببرێت.
مەریوان کەریم، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ئەمڕۆ (شەممە، 15-06-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە سبەیەوە تابلۆ کۆنەکانی ئۆتۆمبێلی هەرێمی کوردستان، لە دیوی ئێرانەوە کاریان بۆ ناکرێت و رێگەنادرێت ببرێنە ئەو وڵاتە."
لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە هیچ رێگرییەک بۆ بردنی ئۆتۆمبێلی تابلۆ کۆن نییە. بە گوتەی مەریوان کەریم، ئەوەی هەیە رێکاری نوێی حکومەتی ئێرانە لە دیوی خۆیەوە.
بەڵام لە سنووری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران هیچ گۆڕانکارییەک بۆ بردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رووینەداوە. سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لای ئێمە تابلۆی کۆنیش دەتوانرێت ببرێت و لە دیوی ئێرانیشەوە کاری بۆ دەکرێت."
چی پێویستە بۆ بردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان؟
هەر هاونیشتمانییەک بیەوێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی بچێتە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، چەند رێکارێکی کارگێڕی هەن و دەبێت جێبەجێیان بکات، لەوانە؛ دەبێت بچێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە سنووری پارێزگاکەی خۆی، لەوێ دەفتەری گومرگی بۆ بکرێت و پاشان بچێتە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و رێکارەکان تەواو بکات.
زیاتر لە ساڵێکە لەژێر ناوی جیا لە دیوی ئێرانەوە بڕەپارەیەک لە هاونیشتمانیان وەردەگرێت بۆ رێگەدان بۆ بردنی ئۆتۆمبێلەکانیان کە 250 دۆلارە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک، ئەوە جگە لەو پارەیەی هاونیشتمانیان بۆ رێکارە کارگێڕییەکان لە هەرێمی کوردستان لێیان وەردەگرێت کە ئەویش نزیکەی 150 دۆلار دەبێت.
لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە دەروازەی باشماخ دەکەوێتە سنووری قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی و لەدیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە سەر بە شاری مەریوانە لە پارێزگای سنە. هەروەها دەروازەی حاجی ئۆمەران سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە لە پارێزگای هەوێر و لەو دیویشەوە سەر بە شاری پیرانشارە لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان.