تورکیا گیانلەدەستدانی دوو گەریلا و هەپەگەش کوشتنی شەش سەربازی راگەیاند

15-06-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە چیای مەتین لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەپەگەش کوژرانی شەش سەربازی سوپای تورکیای راگەیاند.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان جموجووڵی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکەیان لە چیای مەتین لە سنووری پارێزگای دهۆک بەدیکردووە و بۆردوومانیان کردووە، لە ئەنجامدا دوو گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
 
هاوکات ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، کوژرانی شەش سەرباز و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی سوپای تورکیای لە ئەنجامی دوو هێرشی گەریلاکان بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی تورکیا لە چیای مەتین بڵاوکردەوە.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ. قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی 28ـی ئایاری 2019 بەناوی ئۆپەراسیۆنی چنگ-1و2و3 لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد. رۆژی 16ـی حوزەیرانی 2020 ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە چنگ-پڵنگ لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری ئیدارەی زاخۆ دەستی پێکرد. لە 11ـی تەممووزی 2021 ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە چنگ-هەورەبرووسکە لە ناوچەکانی خواکوڕک، ئاڤاشین و باسییان دەستی پێکرا. ئۆپەراسیۆنی (چنگ- قوفڵ) یش لە رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە