شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی بە هۆکاری رووداوەکەی کەلار دادەنرێت، دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ 

دوێنێ پاسێک لە نێوان کفری - کەلار وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار قوتابی کچ گیانیان لەدەستدا. گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت: شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە دەستگیرکراوە کە "دەستی شکاندووەتەوە سەر پاسەکە."
 
رووداوەکە دوێنی 14ـی ئایار روویدا، کە پاسێکی قوتابیان لەنێوان کەلار و کفری وەرگەڕا. لەبارەی رووداوەکەوە هاتووچۆ هێڵکاری کردووە و دەڵێت، "ئۆتۆمبێلێکی تایبەت جۆری سێنترا دەستی بەسەر پاسەکەدا شکاندووەتەوە."
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەدا، کە شکاندوویەتییەوە بەسەر پاسی قوتابییەکاندا".
 
شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش بە فەرمانی دادوەری کەلار راگیراوە. گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت: "شۆفێری ئۆتۆمبێلە نە قوتابی قوتابخانەکە بووە نە مامۆستا، بەڵکو قوتابی پەیمانگەیە و هاوڕێیەتی لەگەڵ چەند خوێندکارێکی نێو پاسەکە و پاسەکانی دیکەشدا هەبووە و بەهۆی ئەوانەوە رۆیشتووە".
 
جگە لەو پاسەی وەرگەڕا، چوار پاسی دیکەی خوێندکاران لەگەڵیاندا بوون. بریندارانی نێو پاسەکە و قوتابیانی نێو پاسەکانی دیکەش بە پۆلیسیان گوتووە: "زیاتر لە چەند جارێک ئەو ئۆتۆمبێلە تایبەتە شکاندوویەتییەوە بەسەر پاسەکاندا، بەجۆرێک دووبارە بووەتەوە قوتابییەکان بە وێنە و ڤیدیۆ وەکو بەڵگە تۆماریان کردووە".
 
لە رووداوەکەدا جگە لەمردنی چوار قوتابی، 7 کەسی دیکە برینداربوون. قوتابییەکان پۆلی 10 و 11ی زانستین لە قوتابخانەی باکووری کچان لە کەلار.
 
ئەو چوار قوتابییەی گیانیان لەدەستدا ناویان دانیا ئەحمەد لەتیف، کەوسەر ئەحمەد لەتیف، شەم سامان و ئارەزوو سەردار بوو.
 
بەهۆی رووداوەکەوە، ئێوارەی دوێنێ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاند.