ئاسایشی دهۆک دەست بەسەر 51 کیلۆ شلەمەنیدا دەگرێت کە مادەی هۆشبەری لەنێو حەشاردراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک رایگەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە شاری دهۆک دەستگیر کردووە، دەستیشیان بەسەر 51 کیلۆگرام شەلەمەنیدا گرت، کە مادەی هۆشبەری تێدا حەشاردرابوو.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024) ئاسایشی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "لە مانگی 02ـی 2024، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سێمێل سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک دەست بەسەر 51 کیلۆگرام شلەمەنی گیرا، کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا حەشاردرا بوو."
ئاسایشی دهۆک دەڵێت، دوای دەستبەسەرداگرتنی مادەکە و ناردنی بۆ پشکنین، دەرکەوت لە شلەمەنییەکەدا مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ هەبووە.
ئاسایش رایگەیاندووە لەسەر ئەو کەیسە، دوو تۆمەتباریان بە ناوەکانی (م. ر. ا.) و (ا. ی. ر.) دەستگیرکردووە و، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردوونەتەوە.
مادەی هۆشبەری کریستاڵ، بەگوتەی بەرپرسێکی پێشووی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەری هەیە، مادەکە لەڕواڵەتدا وەک لیمۆندۆزی یان پارچە شووشەی هاڕاو دەردەکەوێت، ئەو کەسەی بەکاریدەهێنێت بەهۆی کاریگەرییەکانی تووندوتیژ دەبێت و لەگەڵ خێزانەکانیان خراپ دەبن، بەگشتیش کریستاڵ یەکێکە لە خراپترین جۆرەکانی مادەی هۆشبەر بۆ جەستە.
لە هەرێمی کوردستان ئامارێکی تایبەت بە بازرگانان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر بەردەست نییە.
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لە نزیکەی 5500 سزادراو، 1180 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.