رێگری لە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان کێشە بۆ گازی ماڵان لە هەولێر و دهۆک دروست دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە هاونیشتمانییانی گوندەکانی سنووری کۆیە نزیکەی هەفتەیەکە ئاستەنگ بۆ بارهەڵگرانی رێگەی نێوان هەولێر - سلێمانی دروست دەکەن، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دهۆک دەڵێت: "رێگرییەکە بەردەوام بێت، کێشە بۆ گازی ماڵان دروست دەبێت."
 
گازی شل، یان گازی ماڵان، لە کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵەوە بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەنێردێت. بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سووتەمەنی سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 15ـی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەی سێ رۆژە ناردنی گاز بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەهۆی داخستنی رێگەکانەوە ئاستەنگیی بۆ دروستبووە".
 
رێگەیەکی هاتووچۆ بۆ گەیشتن بە هەولێر مابوو، کە رێگەی ناحیەی سکتان بوو لە قەزای کۆیە، ئەمڕۆ ئەو رێگەیەش بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخرا.
 
موحسین تەها، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داخستنی رێگەکە بەردەوام بێت کێشەی گازمان بۆ دروست دەبێت، تاوەکو ئێستا بەشەگازی دوێنێی دهۆک تەنیا نیوەی گەیشتووە".
 
موحسین تەها گوتی، بەشە گازی رۆژی چوارشەممەیان بۆ نەنێردراوە و چاوەڕوانی تەواوکردنی بەشەکەی رۆژی پێشووتر دەکەن. وەک خۆی باسی دەکات: "هەوڵ دەدەین رێگەیەک بۆ ناردنەکە بدۆزینەوە؛ رێگری بەردەوام بێت، کێشەی کەمیی گازمان بۆ دروست دەبێت."
 
هەروەها بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ گاز هات، بەڵام بەبڕی کەمتر لەوەی بەشی هەولێرە، لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەیەکین بۆ تانکەرەکانی گاز".
 
ئەو بەرپرسەی هەولێر دەڵێت: "ئەگەر رێگری و ئاستەنگی بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بەدڵنیایی کێشەی کەمیی گاز لە پارێزگای هەولێر دروست دەبێت".
 
رۆژانە لە سنووری سلێمانییەوە 24 تانکەر گاز بۆ هەولێر و دهۆک دەنێردرا؛ 13 تانکەری بۆ هەولێر، دوو بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 9 تانکەریش بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
 
دانیشتووانی سنووری رێگەکانی سماقووڵی و بالیسان و ناحیە سکتان لە سنووری قەزای کۆیە دەڵێن، رێگەکان یەک سایدە و بەهۆی بارهەڵگرەکانەوە جگە لە تێکچوونیان، رووداوی هاتووچۆی سەخت تێیدا روودەدەن.