مرداربوونی نەورەسەکان بەردەوامە و هۆکارەکەی نەزانراوە
رووداو دیجیتاڵ
مرداربوونی نەورەسەکانی زێی بچووک بەردەوامە؛ وێڕای دوو جار پشکنین بۆ هۆکاری لەنێوچوونیان، تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە پشکنین بۆ نەورەسەکانی سەر زێی بچووک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و بەنداوی دووکان لە پارێزگای سلێمانی کرا، هەروەها دووشەممەی رابردوو لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی راپەڕینیان کرد و سامپڵیان لە باڵندەکان وەرگرت، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی دارستانی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، پشکنینەکان ئەنجامیان دەرنەچووە.
لەسەر زێی بچووک و سنووری بەنداوی دووکان چەند دوورگەیەک هەن و بە نیشتمانی نەورەسەکان دەناسرێن، لەو شوێنانە زیاتر لە هەفتەیەکە رۆژانە نەورەسەکان بە هۆکاری نادیار مردار دەبنەوە.
عەقید خەسرەو زەنگڵ، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوو پشکنین تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێک دەرنەچووە تاوەکو بزانین هۆکاری مرداربوونی نەورەسەکان چییە."
دوێنێ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەیەکی پسپۆڕ سەردانی دەڤەری راپەڕین دەکات و بەدواداچوونی زانستی بۆ زانینی هۆکاری لەنێوچوونی نەورەسەکان دەکەن.
هەرچەندە هۆکاری روونی لەنێوچوونی نەورەسەکان ئاشکرا نەبووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی، بەهۆی ڤایرۆسەوەیە کە ئەویش لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا تووشی نەورەسەکان بووە.
ئەو نەورەسانەی لەنێوچوون، ژمارەیان دیار نییە. عەقید خەسرەو دەڵێت، "دەتوانین بڵێین، هەزاران باڵندەی نەورەس لەنێوچوون."
پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین داوا لە هاووڵاتییان و رۆژنامەڤانان دەکات، بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان لە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ، نزیکی ئەو دوورگانە نەبنەوە، کە نەورەسەکانی تێدان.