ئەمڕۆ لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق بۆ کێشەی جووتیاران دەچێتە سەرگەڕان
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، قەدەخەکردنی دروێنەی گەنم لە پێنج گوندی سنوورەکە بەردەوامە و بڕیارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەمڕۆ شاندێکی پەرلەمانی عێراق بچێتە سنوورەکە.
محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران و ئاڵۆزیی ناوچەکە بێنە سەرگەڕان."
لە 26ی مانگی رابردووەوە بە فەرمانی هێزێکی سوپای عێراق، رێگە نادرێت جووتیارانی پێنج گوند لە ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن.
11ـی ئەم مانگە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان قسەی کردووە و "لە ئەمڕۆوە جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دەتوانن دروێنە بکەن."
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، 08ـی ئایار فەرمان بە ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کراوە رێگری لە دروێنەی گەنم هەڵگرن، بەڵام "بە هەر هۆکارێک بێت ئەو نووسراوە نەگەیشتبووە کەرکووک" بۆیە فەرمانەکە دواکەوتووە.
نوێنەری جووتیاران دەڵێت: "ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی راستە، بەڵام بۆ ئێمە هیچ سوودێکی نەبووە و قەدەخەکە بەردەوامە."
هێزی چواری یەکەی هەشتی سوپای عێراق رێگرییەکە دەکات و بە جووتیارانی کوردیان گوتووە، ئەوان تەنیا فەرمان جێبەجێ دەکەن و بە فەرمانیش دەکشێنەوە.
ئەو گوندانەی دروێنەی گەنمیان تێدا قەدەخە کراوە بریتین لە: پەلکانە، شەناغە، گابەرەکە، سەربەشاخ و خەرابە. محەممەد ئەمین گوتی: لە زەویی ئەو گوندانەدا نزیکەی 50 هەزار دۆنمی بە دانەوێڵە چێندراوە.
ئەوانەی خێوەتیان دژی جووتیارانی کورد هەڵداوە، بەشێکیان داوای زەوی دەکەن، بەشێکیشیان داوای خانوو و دەکەن و هەندێکیش داوای قەرەبووی مادەی 140 دەکەن، هەمووشیان عەرەبی هاوردەن.
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە ناحیەی سەرگەڕانە. لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، عەرەبی هاوردە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیارانی کورد دەدەنەوە، کوردیش بەردەوام رێگریی کردووە.
سنووری ناحیەی سەرگەڕان زۆرینەی گوندەکانی کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە چەندین جار رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە بوونەتەوە.