سێشەممە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سبەی شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 15-05-2023، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی سێشەممە 16-05-2023، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبنەوە. 
 
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی رێبوار یەڵدا، پشتیوان سادق، عەلی حوسێن و هێمن هەورامی، هەروەها جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی. 
 
شاندی یەکێتیش پێکهاتوون لە شاڵاو عەلی عەسکەری، خەسرەو گوڵ محەممەد، عیماد ئەحمەد، رزگار حاجی حەمە، میران محەممەد و ئەمین بابەشێخ.
 
مەحموود محەممەد گوتی، "کۆبوونەوەکە لەبەر رۆشنایی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانییە بۆ لێکنزیکبوونەوە و رێککەوتنی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی." 
 
کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەکرێت لە سلێمانی. مەحموود محەممەد گوتی، "لەبارەی هەڵبژاردن و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆ دەکەین." 
 
رۆژی 11-05-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێبکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن." 
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."