لە کەرکووک کەسێک بە ناوى شۆفێرى سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرییەوە پارەى لە خەڵک وەرگرتووە


رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى تاوانەکانى کەرکووک تۆمەتبارێک بە حەوت ساڵ بەندکردن سزا دەدات بە تاوانی ئەوەى خۆى وەک شۆفێرى تایبەتى سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ناساندووە و پارەى لە خەڵک وەرگرتووە بۆ بەدواداچوونى دۆسیەکانیان. 
 
رۆژی 15ى ئایارى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى تاوانەکانى کەرکووک تاوانبارێکی بە حەوت ساڵ بەندکردن سزاداوە بە تاوانی ئەوەى وەک شۆفێرى تایبەتى سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى خۆى ناساندووە. 
 
ئەو کەسە، بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، پارەى لە هاووڵاتییان وەرگرتووە کە گوایە لە دادگە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانیان دەکات و پەیوەندى لەگەڵ دادوەرانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى فیدراڵى و دادگەکانى کەرکووک هەیە. 
 
ئەو کەسە بەگوێرەى مادەى یەکەمى بڕیارى ژمارە 160ى ساڵى 1983ى سەرکردایەتیی شۆڕش سزادراوە کە تایبەتە بە خۆناساندن وەک کارمەندى هێزە چەکدارەکان و وەزارەتى ناوخۆ و هەواڵگرى و ئەنجامدانى کارێک لەبرى ئەو هێزانە، کە سزاکەى دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.